کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست لەکارکشانەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم درێژەی هەیە

17:55 - 7 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستێکی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران دوای دەست لەکارکشانەوەی زەریف وتوویەتی، زەنگەنەش دەڕوات.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری "جەواد کەریمیی قدووسی" ئەندامی کۆمسیۆنی ئەمنییەت و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، دەست لەکارکشانەوەی زەریف قەبووڵ کراوە و ڕۆیشتنی زەنگەنەش حەتمییە.

ئەو کاربەدەستە باسی لەوەش کردووە، یەک ـ دوو وەزارەتخانەی دیکەیش لە بەرەبەری ئاڵۆگۆڕ و دەست لەکارکشانەوەن.

شەوی یەکشەممە ۷ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردەوە، کە "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، دەست لەکارکشانەوەی خۆی بە بەرپرسانی ڕێژیم ڕاگەیاند و وازی لە پۆستەکەی هێناوە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "سەرەنج دەدەینە هەواڵی دەست لەکارکشانەوەی زەریف، دەبێت بزانین حەتمی دەبێتەوە یا نە. بە هەرحاڵ زەریف و حەسەن ڕۆحانی کەسانێکی بێدەسەڵاتن و تەنیا دێکۆری گەندەڵیی مافیای مەزهەبین. ئێمە دەزانین کە ئەوە خامنەیییە بڕیاری کۆتایی دەدات".

هاوکات بێنیامین نتانیاهوو، لە تویتێکدا لە بارەی دەست لەکارکشانەوەی زەریفی نووسیویەتی: زەریف ڕۆیی و لە دەستی حەساینەوە.