کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست و باڵی ڕێژیمی ئێران لە عێراق کورت دەکرێتەوە

19:12 - 16 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق داوایان لە "موقتەدا سەدر" کردووە کە پێش بە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی عێراقدا بگرێت.

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "ئەیاد عەلاوی" یەکێک لە کاربەدەستانی حکوومەتی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانییەتی نیشتمانی، داوای لە موقتەدا سەدر کردووە کە پێویستە لە حکوومەتی نوێ وڵاتدا هیچ دەرفەت و ڕێگایەک بۆ ئێران نەهێڵێتەوە.

هاوپەیمانیەتی "السائرون"، بە ڕێبەریی "موقتەدا سەدر" کە حیزبی کۆمۆنیستی عێراق و بەشێک لە هێزە سێکۆلارەکانیش تێیدا بەشدارن، دوای ئەوەی که لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا سەرکەوتنیان بە دەست هێنا دروشمی " ایران برو بیرون"یان بەرز کردەوە.

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن سەرکەوتنی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا شکستێکە بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

موقتەدا سەدر، کە خۆی یەکێک لە ڕێبەرانی بەهێزی شیعەیه لە عێراق، دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانه و هەتا ئێستا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هۆشداری پێ داون.

لەو پێوەندییەدا مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، مەحموود هاشمیی شاهروودی نێردراوی خامنەیی بۆ عێراق لە لایەن سیستانی مەرجەعی شیعەکانی عێراق پێشوازی لێ نەکرا و موقتەدا سەدریش یەکێک لە ڕێبەرانی شیعەی عێراق دەستی ڕەتی لە سینگی نوێنەری خامنەیی دا.

سەدر ئەو کات  باسی لەوە کرد کە نێردراوی خامنەیی گەڵاڵەی تایفەگەریی و دژی عێراقی لە دەست‌دایە و ئەندامی فراکسیۆنی ئەلئەحراریش وتی: "ئیترعێراقییەکان لە گەڵاڵە تایفەگەرییەکان و زەرەرەکانی ئەو گەڵاڵانە وەزاڵە هاتوون و ئامادە نین پڕۆژەی تاران قەبووڵ بکەن".

سەدر ، پێشتریش بە نیسبەت دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا هۆشداری داوە و ناوبراو بە فەرمی باسی لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران کەسانی تێرۆریست و خۆکوژ بۆ عێراق ڕەوانە دەکات.