کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژیی هێزەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بۆ سەر مڵک و ماڵی ئەندامانی حیزبی دێموکرات

17:45 - 21 پووشپەڕ 2720

هێزه‌کانی ڕێژیمی ئێران و هه‌روه‌ها که‌سانی به‌کرێگیراو، به‌ هاندانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان هێرش دەکەنە سەر ماڵی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و کەلوپەلی نێو ماڵەکانیان تاڵان دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، به‌کرێگیراوێک بە ناوی "جەلال ب" خەلکی قەڵاتەڕەشی پیرانشار دانیشتووی نێو شاری پیرانشار، بە یارمەتیی چەند جاشێکی دیکە بە چەکەوە چوونەتە گوندی "زێوە" و‌ ماڵی "عوسمان ڕەحمانی" و کەلوپەلی وەک ساردکه‌ره‌وه‌ و جلشۆر و تەنانەت کابلی بەرقیشیان دزیوە.

ئەوە یەکەم جار نییە کە جاشەکان دەچنە ماڵی ئەو ئەندامەی حیزب و کەلوپەلەکەی دەدزن.

دزی لەو ماڵە لە کاتێکدایە کە خانووەکە پلۆمپ کراوە و چه‌ته‌کان نەردەی پەنجەرەیان بڕیوەتەوە و چوونەتە ژوره‌وه‌.

"عوسمان ڕەحمانی" ئه‌ندامی حیزبی دێموکراته‌ و دانیشتووی گوندی "زێوێـ"ـی شاری پیرانشار بوو و له‌ژێر گوشاری هێزه‌کانی ڕێژیمدا چه‌ند ساڵ پێش بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت.

دوای ئەو ڕووداوه‌، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم حوکمی موسادیره‌ی ماڵه‌که‌ی ده‌رکرد و دەستی بەسەر ماڵی "عوسمان ڕەحمانیـ"ـدا گرت.

هاوکات دەزگای دادوەریی ڕێژیم نامەیەکی نهێنیی بۆ ژووری بازرگانیی پیرانشار ناردبوو کە لە هەر جۆرە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، ماشین و کێڵگەی پەلەوەریی ئەو هاووڵاتییە خۆیان ببوێرن.