کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدێرژی سێکسی بۆ سەر کچانی مێرمنداڵ

23:26 - 2 گەلاوێژ 2722

سندووس

تەواوی سیستمە ئازاد و لێپرسراوەکانی ئەم جیهانە بە گرینگییەکی زۆرەوە دەڕواننە سیستمی پەروەردە و لە پێناو داهاتوویەکی ڕوون بۆ بەرەکانی داهاتوو ئامادەی هەر جۆرە سەرمایەدانانێکن و لایان وایە کۆمەڵگایەکی ئاسوودە، خۆشبژێو، نۆڕماڵ، بەختەوەر، سالم و شاد، کاتێ وەدی دێ کە بەرەی ژێر پەروەردەی ئێستا بەباشی ڕێگە و شوێنی ژیان و یەکتر قەبووڵکردن فێر بن. لەڕاستیدا و لە بواری دەروونناسی پەروەردەوە، هەستیارترین قۆناغەکانی ڕسکان و شکڵگرتنی کەسایەتیی تاک لە کۆمەڵگادا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتایی پەروەردە و ئەگەر سیستمی پەروەردە بتوانێ لەم تەمەنەدا کاریگەر بێت، توانیویەتی سەرکەوتن وەدەست‌ بخات، بۆ ئەم مەبەستەش لە باشترین مامۆستاکان کەڵک وەردەگرن. لە وڵاتی فەنلانددا کە پێشکەوتووترین سیستمی پەروەردەی هەیە بۆ هەر کلاسێکی دەرس مامۆستایەکی پسپۆڕ دیاری کراوە تا بتوانێ بەباشترین شێوە کارەکانی ڕاپەڕێنێ، دۆخی پەروەردە لە ژاپۆن و گشت وڵاتانی پێشکەوتوو هەر بەم شێوەیەیە. لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، کارێک کراوە کە سیستمی پەروەردەی وڵاتان، لەنگەر لەسەر بارهێنانی تاکی لێپرسراو بگرێ، چوونکە چاک هەستیان بەم بابەتە گرینگە کردووە کە تاکی لێپرسراو کۆمەڵگای لێپرسراو بەرهەم دێنێ، کۆمەڵگای لێپرسراویش لە بەرامبەر تەواوی کەموکوڕی، نەهامەتییەکان و بەربەستکردنی ئازادیی تاک و ئازادییە کۆمەڵایەتیییەکاندا خۆی بە بەرپرس دەزانێ.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەمێکە کەڵکەڵەی سیستمێکی پەروەردەی مرۆڤتەوەر و یەکسانی هەیە، بۆ ئەم مەبەستە گەڵاڵەی پەروەردە و ڕاهێنانی ٢٠٣٠ دەتوانێ نموونەیەک لەم هەوڵە بێت. ئەم سەنەدە لە ٢٥ی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٥دا و لە نیۆیۆرک، لە لایەن وڵاتانی ئەندامی یۆنسکۆوە واژۆ کراوە کە تێیدا ١٧ مەبەست دیاریکراون و ئەو وڵاتانەی واژۆیان کردووە بەڵێنیان داوە تا ساڵی ٢٠٣٠ بگەنە مەبەستەکانی سەنەدەکە. ئەم سەنەدە وەک بەرنامەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە دوورەدیمەنێکی مرۆڤتەوەری بۆ گشت ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە شێوەی یەکسان بۆ پەروەردەی تێدا گەڵاڵە کراوە، کۆماری ئاخوندی و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی، بەتووندی بەگژیدا چوونەوە. هۆکاری سەرەکی دژایەتی خامنەیی ڕاهێنانی جنسی، مافی بەرابەری خوێندن بۆ ژنان، ڕاهێنانی تاکی شارۆمەندتەوەر، ڕاهێنانی مامۆستایان بۆ تێکەڵبوون بە سیستمێکی گشتگیری جیهانی و سڕینەوەی باسگەلی دینی لە کتێبە دەرسییەکان بوو. ڕاهێنانی جنسی قوتابییان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی قەبووڵنەکردنی سەنەدی ٢٠٣٠ لە لایەن کۆماری ئاخوندییەوە دێتە ئەژمار.

خامنەیی ئەم سەنەدەی بە هۆکاری ڕەخنە و نفوزی بەقەولی خۆی دوژمنان بۆ وڵاتی ئێران لەقەڵەم دا و پێشی پێگرت. لەو سەروبەندەدا لە قوتابخانەی "معین"ی تاران، لە لایەن جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە هەواڵی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ١٦ قوتابی ئاشکرابوو، چوونکە لە سیستمی پەروەردەی کۆماری ئاخوندیدا ڕاهێنانی جنسی وەک بڤە چاوی لێدەکرێ، وێڕای ئەوەیکە هاتوهاوارێکی زۆری لێکەوتەوە، دیسان خامنەیی ملی نەدا، ئەم بەشە تاریکە هەستیارە وەک خۆی مایەوەو ئیزن نەدرا پەروەردەی جنسی لە لایەن مامۆستایانی پسپۆڕی بنەماڵەوە، ئاوڕی لێ‌بدرێتەوە. ئەوە بوو هەواڵی کارەساتی " قوتابخانە"ی "فێردەوس"، بۆمبئاسا لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتی و میدیا فەرمییەکاندا تەقییەوە!

لە شاری "فێردەوس"ی سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور، مامۆستایەکی تەمەن ٥٥ ساڵ بەناوی "جەعفەر دانش"، دەستدرێژی دەکاتە سەر هەژدە کچی تەمەن ٨ بۆ ١١ ساڵانە. ناوبراو بە بنەماڵەی کچە مێرمنداڵەکانی وتووە، ئێوە بۆ ڕۆحی دایک و باوکم "قوڕئان"، "خەتم" بکەن و منیش بۆ مناڵانی ئێوە وانەی بەتواناکردنی خۆبەخشانە دەڵێمەوە.

ئەو مامۆستایە لە "پارکینگ"ی ماڵەکەیدا ژوورێکی تایبەتی تەرخان کردووە و بە جیا و دانەدانە ئەو کچۆڵانەی بردووەتە ناو ژوورە تایبەتییەکەی و دوای نیشاندانی کلیپی سێکسی، دەستدرێژی پێکردوون! بە وتەی ئەو هەواڵنێرەی ڕووماڵی ئەم جینایەتەی کردووە، باوکی یەکێک لەم کچۆڵانە وتوویەتی: "ماوەیەک بوو کچەکەم لە کونجێک دادەنیشت و لەگەڵ کەس نەدەدوا. ئێمە لامان وابوو ڕەنگە لە قوتابخانەدا کێشەی بۆ ساز بووبێت، هێندێکجار دەمانبینی لە شوێنێک ڕادەمێنێ و هیچ قسەیەک ناکات!"

ڕۆژێک بەڕێوەبەری قوتابخانە پێوەندی پێوەکردم و وتی: "یەکێک لە کچە مێرمنداڵەکان لەسەر دەستدرێژی سێکسی مامۆستایەکی ٥٥ ساڵە لەگەڵم دواوە." بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش لەسەر کارەساتەکە پرسیار لە قوتابییان دەکات، ١٧ قوتابی‌تریش پشتڕاستی ئەوەیان کردووەتەوە کە مامۆستاکەیان واتە "جەعفەر دانش"، دستدرێژیی سێکسی پێ‌کردوون! کاتێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ئاگاداری ئەم جینایەتە دەبێ، بەپەلە پێوەندی بە بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانەوە دەکات، ئەویش هەڕەشە لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەکات و پێی دەڵێ دەبێ بێدەنگ بی، دەنا لەکار دوورت دەخەمەوە.

ئەم ڕووداوە کارەساتبارە لە ناوچەیەکی هەژارنشینی شاری "فێردەوس"، ڕووی داوە و تەنانەت دایک و باوکانی ئەم کچۆڵانە توانای تێچووی پشکنینی پزیشکی یاساییان نییە، چجا ئەوەکە بیانهەوێ پارێزەر بۆ کەیسی کچەکانیان بگرن! بەشێک لە بەرپرسانی پلە یەک و دادوەری دادی خوراسانی باشوور، لە خزمانی نیزیکی "جەعفەر دانش"ن. یەکێک لە خزمە نیزیکەکانی ئەو مامۆستا بێڕەوشتە "سەید حوسێن موقەددەسی"یە کە دادستانی دەزگای دادی خوراسانی باشوورە. ناوبراو بە پێنج ساڵ زیندانی "تەعزیری" سزا دراوە! دیارە بەرپرسانی دادی ڕێژیم هەوڵی کەمتر نیشاندانی جنایەت لە دژی ئەم کچۆڵانە دەدەن و کاری دەستدرێژی ناوبراو بە منداڵئازاری ناودەبەن، بەڵام ڕاگەیەنەر، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و دایک و باوکانی ئەم پەپوولانە ئاماژە بە شتێکی‌تر و ئامارێکی‌تر دەکەن!

زیندانی تەعزیری، ئەگەر پلە هەشت بێ، سزادراو دەتوانێ بە پارە بیکڕێتەوە و نەچێتە بەندیخانە! دیارە نیزام زانیویە کە ئەم ئەژدیهایە نەخۆشی جنسییە و بەو حاڵەش دیسان وەک مامۆستای کچۆڵان دیاری کراوە، چوونکە نابراو کەیسی دەستدرێژی‌تریشی هەبووە کە پشتگوێ خراوە و دیسان مەیدانیان بۆ کردووەتەوە بۆ جینایەتی لەم چەشنە!

سیستمی پەروەردە لە وڵاتی ئێراندا، سیستمێکی فەشەل و لێوڕێژ لە گەندەڵییە، ئەوەش هەر لەلایەن سەرووی دەسەڵاتەوە ئەندازیاری کراوە، مامۆستای ئەم پۆلانە لە خوێندن دەبێ پسپۆڕی بەشی خۆی، هونەری وانەبێژی و کەسێکی پاکوخاوێنی ڕەوشتی بێت، کەچی دەردەکەوێ کە کۆماری ئاخوندی مەبەستیەتی ئێران بکاتە فاحیشەخانەیەکی گەورە، دەنا چ خێرە گەندەڵترین مرۆڤەکان وەکوو مامۆستای هەستیارترین قۆناغی خوێندن ئەویش بۆ کچۆڵان دیاری بکەن؟!

ئەم جینایەتە لە هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی ئەم جیهانەدا ڕووی دابا، بێشک لە ژێر گوشاری ڕای گشتیدا دەوڵەت هەڵدەوەشایەوە و مامۆستای بێڕەوشتیش بە تووندترین شێوە سزا دەدرا.

کەیسی دەستدرێژی سێکسی لە زۆر شوێن پەردەی لەسەر لادراوە بەڵام سیستمی ئاخوندی وای نەزانیوە نە بای دێ و نە بۆران! هەر لە بەیتی خامنەیی و لە ڕێگەی "سەعید تووسی"یەوە بگرە تا دەگاتە "ئەبووزەر ڕوحی"، کە شاعیری بەناو شێعری "سلام فرماندە" بووە.

هەبوونی ئەو کەیسە دڕندانە و ئاگاداربوونی دەزگای داد و سزادانی نەرمی جینایەتکاران، نیشانەی ئەوەیە کە قۆچکی دەسەڵاتی نیزامی ئاخوندی کەیفی بەمجۆرە کارانە دێت و دەبێ بوونیان هەبێ، ئەگینا ئاغا دڵی پڕخوێن دەبێ و ئۆقرەی لێهەڵدەگیرێ گەر ڕوداوگەلی ئاوا ڕوونەدەن و ئارامی بە ڕۆح و ڕەوانی نەبەخشن!