کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستفرۆشەکانی سنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:23 - 15 بەفرانبار 2720

دەستفرۆشەکانی سنە بەرانبەر بە بەرنامەکانی شارەداریی سنە بۆ دابینکردنی جێگا بۆ دەستفرۆشەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ماوەیەکی زۆرە کە دابینکردنی جێگا بۆ کاسبیی دەستفرۆشەکانی شەقامی "فردەوسیـ"ـی سنە باسێکی گرینگە و بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵکانێک کە لەو شەقامەدا دەستفرۆشی دەکەن.

پاش سەنگفەرشکردنی ئەو شەقامە سەرەنجام شارەداری بڕیاری داوە کە دەستفرۆشەکان لەو شەقامەدا دەتوانن لە کاتژمێر ٦ و ٣٠ خولەکی ئێوارە بەدواوە دەستفرۆشی بکەن. ئێستاکە دەستفرۆشەکان کە دژ بەو بڕیارەی شارەدارین دەستیان بە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کردووە.

ئەوان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا ڕێگایان بەستووە و ئیزنیان بە هاتوچۆ لەو شەقامەدا نەداوە و ئەم ئاستە لە ناڕەزایەتیی دەستفرۆشەکان پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر بووە بۆ دەستەبەربوونی داواکارییەکانیان کە بێ وڵام ماوەتەوە.

دەستفرۆشەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو ناحەقییە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی پەیوەندیدار لەو شارەدا بەربەستێک بۆ گەندەڵکارییەکانی شارەداری دانانێن.