کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستفرۆشەکانی شاری "سنە" ناڕەزایەتییان دەربڕی

17:08 - 17 رەزبەر 2721

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ١٧ی‌ ڕه‌زبه‌ر، کۆمەڵێک ده‌ستفرۆش لە‌ شاری‌ "سنه"‌ بە نیشانەی ناڕەزایەتی له‌ به‌رده‌م پارێزگاریی‌ ئه‌و شاره‌ ناڕه‌زایه‌تییان بەڕێوە برد‌.

ئەو ده‌ستفرۆشانە بەهۆی ئەوەی تەنیا له‌ ڕۆژانی‌ ئاساییدا‌ و ئەویش ئێواران ده‌توانن ده‌ستفرۆشی‌ بكه‌ن و کاتەکانی دیکە بەتایبەت ڕۆژانی‌ هه‌ینی ڕێژیم ڕێگایان پێ نادات دەستفرۆشی بکەن، ناڕەزایەتییان دەربڕێوە.

له‌ كاتی‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیدا‌ ڕێژیمی ئێران هێزێكی‌ زۆری‌ بۆ سه‌ركوتکردنیان ناردووه‌ و ڕێگایان بە کەس نەداوە فیلم و وێنە لە بەڕێوەبردنی ئەو ناڕەزایەتییە بگرن.

‌هەروەها به‌هۆی‌ هه‌ژاری‌ و نه‌داری و بێكاریی لەڕادەبەدەری پارێزگاکانی کوردستان، خه‌ڵكانێک به‌ ناچاری‌ ڕوویان له‌ ده‌ستفرۆشی‌ كردووه‌، به‌ڵام ڕێژیمی‌ ئیسلامیی ئیران ئه‌مه‌شیان پێ‌ ڕه‌وا نابینێت، لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم وەکوو چەکێک لە گوشاری‌ ئابووری‌ کەڵک وەردەگرێت هەتا ببنه‌ بەسیج و سیخوڕ لەسەر نەتەوەکەیان و خۆشخزمەتی بە خۆیان بکەن.

ڕێژیمی ئێران بە درێژایی دەسەڵاتی جگە لە دزین و بەتاڵانبردنی سامان و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، مۆڵەتنامە بە سەرمایەدارانی پارێزگاکانی کوردستان نادات هەتا کارگە و کارخانە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری دروست بکەن، بەو شێوەیە سەرمایەدارەکان بەناچار سەرمایەکانیان ڕادەگوازنە ناوەندی ئێرانەوە.