کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم بێڕێزی بە وێنەی شەهید "شەریف باجوەر" دەکەن

11:55 - 28 بەفرانبار 2720

سپای تێرۆریستی پاسداران و دەستوپەیوەندییەکانی دەست لە سووکایەتیکردن و بێحورمەتیکردن بە هێما و گڵکۆی گەورە پیاوانی کورد هەڵناگرن و هەر جارە هێرش دەکەنە سەر یەکێک لە سەروەرییەکی گەلی کورد.

دەستوپەیوەندییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، هێرشیان کردووەتە سەر بەرزی و مەزنیی شەهید "شەریف باجوەر" و بێڕێزی بە وێنەی ئەو گەورە پیاوە و دڵسۆزەی ژینگە لە "مەیدانی باوەڕەشیـ"ـی مەریوان دەکەن.

ئەمە نەریتێکی قێزەونی مۆرە و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمە کە بۆ هەڵڕشتنی ڕق و قینی خۆیان سووکایەتی بە گڵکۆ و وێنە و تابڵۆی کەسە دیارەکانی گەلی کورد دەکەن.

لەو پەیوەندییەدا ئەنجومەنی "سەوزی چیا"، هەڵوێستی نواندووە و ڕایگەیاندووە: "ئاشکرا دیارە کە وەها هێمایەک کە میناکی ئینسانە بەرزەکانە، تەنیا تابلۆکەیشی کە وێنەیەکی ئاساییە؛ ئەوا لەم دۆخە هەستیار و دڵەڕاوکێ گرتووەی ئەمڕۆدا بە دەستی دزێوانە و ڕەشی لایەن، کەسان، هەڵنراوانەوە، دراوەتە بەر پەلاماری ترسنۆکانە و قیزەونانە و بۆیە وێڕای بەتوندی شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە دزێوە، ئێمە هاوڕێیان، یاران و ڕێبازگرانی ئەو ڕێبەرە مەزنە ئاشکرا و لێبڕاوانە ڕایدەگەیەنین کە با بێڕێزیکردن بە ئوستوورەی هاوچەرخی مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزیمان بەس بێت و ئەم کردارە چەپەڵانە کە ماوەیەکە ڕووی کردووەتە گەورەپیاوانی گەلەکەمان، چیتر مایەی قبووڵ کردن نییە."

ئەم کردەوە قێزەونە بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵکی شاری مەریوان و بەتایبەت ئەنجومەنی سەوزی چیا و ژینگەدۆستان لە سەرجەم کوردستان.

هاووڵاتییەکی شاری مەریوان لەو پێناوەدا ڕایگەیاندووە: "بەداخەوە ئەم بەیانییە چووین وچاومان لێ کرد، دڵمان پڕ بوو کە کەسێکی ئاوا بە سەخاوەتەوە گیانی ئازیزی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی ژینگەی کوردستان کرد، چۆن ئەبێ بێڕێزی و بێ حورمەتی پێ بکرێت."

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەستوپەیوەندییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، هێرشیان کردە سەر گڵکۆی "محەممەد ماملێ" گەورە هونەرمەند و گۆرانیبێژی کورد و بە سپرەی ڕەنگ، ڕەشیان کرد کە بە هەوڵی خەڵکی هونەر دۆست و خەڵکی شار خاوێن کرایەوە.

هەروەها لە "سەقز" بێڕێزیان بە وێنەی مامۆستا "مەولەویی کورد" کردبوو.