کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم لەڕێگای ڕۆژنامە کوردییەکانەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردن دەکەن

17:39 - 14 خاکەلێوه 2721

مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم لە کوردستان لە ڕێگای ڕۆژنامەیەکەوە کە بڕیار و داواکاریی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی ڕێژیمی لەسەرە، بۆ هەڵبژاردنی شورا لە شاری سنەدا بانگەشە دەکەن.

"موختار زارعی" و حەوتوونامەی "ڕۆژباش" بە هاوکاریی یەکتر و بە داواکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، بۆ هەڵبژاردنی شورای شار لە سنە پڕوپاگەندا دەکەن و "تایبەتنامە"یەکیان دروست کردووە کە بە تیراژی زۆریشەوە لە سنە و هەندێک لە شارەکانی دیکەی کوردستاندا بەخۆڕایی بڵاو دەکرێتەوە.

بابەتەکان کە بە ئەو مەبەستەوە نووسراون بە تەواوەتی داواکراون چونکە "سەید لەتیف حوسێنی نەسەب" بەرپرسی خانووی مەتبووعات، لە واتای "ئێنترۆپرۆنێر" تێناگات، چ بگات بەوەی کە بیهەوێت کە لێدوان و وتووێژ ئەنجام بدات.

لەو ژمارە تایبەتەی حەوتوونامەی "ڕۆژباش کوردستانـ"ـدا، "مەحموود مەحموودی، ناسر خالدیان، مورتەزا حەق بەیان و تەوفیق موشیرپەناهی" ڕۆڵیان هەبووە تاکوو بتوانن کەشی هەڵبژاردن بە لای "موختار زارعیـ"ـدا بشکێننەوە و بەستێنەکەی بۆ ئامادە بکەن.

ئەوان بەو کارەیان دەیانهەوێت کە خەڵک هەڵخەڵەتێنن و بەرەو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا هانیان بدەن.

بەڵام ئەمە ڕوون و ئاشکرایە کە مەبەستی ئیدارەی ئیتلاعات تەنیا ئەوەیە کە خەڵک بکێشرێنە پای سندووقەکانی دەنگدان تا خۆیان بە ڕەوا نیشان بدەن، بەڵام لەڕاستیدا ئاکامی هەڵبژاردنەکان بۆیان گرینگ نییە و ئەمە رۆسەیەکە کە لەپێشدا بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و ئەوان خەڵک دەکەنە بووکەڵەی نێو شانۆ.