کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستڕەنجی خەڵکی کوردستان لە ئاگردا دەبێتە قەقنەس

13:25 - 16 پووشپەڕ 2720

لە درێژەی ئاگرتێبەردانەکانی کورستان، ئەمجارە زیاتر لە ٥٠ هێکتار لە زەوی و زاری گەنمی خەڵکی "بیجاڕ" و "بۆکان" ئاگری تێبەردرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕ، لە ئاکامی ئاگرتێبەردانی زەوی و زارەکانی گەنم لە گوندەکانی "کانی کوێرە" و "خوڕخوڕە" سەر بە "بیجاڕ" زیاتر لە ٥٠ هێکتار لە زەوی و زار و دەستڕەنجی خەڵکی هەژاری ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتا.

هاوکات لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە، بەڵام نەبوونی ئیمکاناتی پێویست و بەکەڵک، ڕەوتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە زۆر ئەستەم بووە و زیاتر لە ٥٠ هێکتار زەوی و زاری ئەو ناوچەیە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا مووچە و مەزرای خەڵکی ئاوایی "دونگوز" سەر بە بۆکان ئاگری تێبەردرا و زیاتر لە ٨ هێکتار لە زەویی گەنمی خەڵکی ئەو گوندە زیانی پێگەیشتووە.

لە ماوەی چەند مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاگرکەوتنەوەی گەورە لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە شێوەی سیستماتیک ڕوویداوە و زیانێکی گەورەی بە ژینگە و لێڕەوار و سروشتی کوردستان گەیاندووە و کارەساتێکی ژینگەییان خولقاندووە.