کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستی تاوان و گۆلی ورمێ

23:28 - 29 پووشپەڕ 2722

سندووس

گۆلی ورمێ وەکوو دیاردەیەکی سروشتی، بە یەکێک لە جوانییەکانی کوردستان هەڵکەوتوو لە پارێزگای ورمێ دەهاتە هەژمار! بوونی دەیان دوڕگەی سەرسووڕهێنەر و پەلەوەری "کۆچەر" و "ماڵیی" و هەروەها ئاوژییەک بەناوی "ئارتیمیا"، جوانی ئەم گۆلەی بە چەند قات بەرز کردبوویەوە. لە ساڵانی پێشوو و لە مانگەکانی جۆزەردان و پووشپەڕدا حەشیمەتێکی زۆر لە سەرانسەری ئێران و بگرە دەرەوەش‌ڕا بۆ سەیران و مەلەکردن، کە ئاوەکەی ڕۆڵی دەرمانی دەگێڕا، ڕوویان دەکردە ناوچەی ورمێ؛ بە کورتی ژیان لێرە کارا و لە دروشانەوەدا بوو بەڵام لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوییەوە گۆلی ورمێ تووشی نسکۆیەکی پیلان بۆداڕێژراو هات.

لەم ساڵەدا کۆماری ئاخوندی لە ڕووی ترسێک کە لە کوردستان هەیبوو ڕێگەی ئاسفاڵت و قیرەتاوی بە ناوەڕاستی گۆلەکەدا لێدا تا مەودای ورمێ بۆ تەورێز نیزیک بکاتەوە. بێشک ئەم ڕێگەیە تەنیا کارکردی ئەمنییەتی بۆ کۆماری ئاخوندی هەیە، ئەگینا لەگەڵ هیچ عەقڵێکی نوڕماڵ یەکناگرێتەوە کە لەبەر هۆکاری لێکگرێدانی دوو پارێزگای ورمێ و تەورێز، یەکێک لە جوانترین گۆلەکانی جیهان بوشکێنی!

ئەوە لە کاتێکدا بوو کە تەواوی کارناسان هۆشدارییان دابوو کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە ئێکۆلۆژی ناوچەکە بە تەواوی تێکدەچێت و گۆلەکەش وشک دەبێت؛ بەڵام کۆماری ئاخوندی کە پیلانی ئەمنییەتی کوردستانی بەدەستەوە بوو گوێی نەدایە بۆچوونی کارناسانە و پڕۆژەکە جێبەجی کرا. ئاکامی ئەم کارە بۆ ڕێژیمی ئاخوندی، گواستنەوەی بەپەلەی هێزە بەکرێگیراوەکانی بوو کە لە ئەگەری خرۆشانی کوردستان لەدژی دامودەزگاکانی ئاخوندی، بەئاسانی بتوانن هێز ڕابگوێزن و بەقەولی خۆیان سەرکوتی کوردستانی پێ‌بکەن!

پیلانی دووهەمی ئاخوندەکان بۆ وشککردنی گۆلی ورمێ، کاراکردنی "قرارگاە خاتم‌النبیا" و هەڵبەستنی نیزیکەی ٦٦ ئاوبەند لەسەر ئەو چۆمانە بوو کە دەڕژانە گۆلی ورمێ و دەیانتوانی بەشە ئاوی پێویست دابین بکەن.

لە تەنیشت ئەم کارە قێزەونانە، ئیزنیان بە باخداران و وەرزێڕانی دەورووبەری گۆلی ورمێ داوە لە بری ئەو بڕە پارەیەی کە کاربەدەستان ژێربەژێر وەری دەگرن، ٤٨ هەزار چاڵاوی قووڵ لێ‌بدەن.

کەوابوو سێ هۆکاری سەرەکی وەک:

١- کێشانی ڕێگەی قیرەتاو و لەتکردنی گۆلی ورمێ بە دوو بەشی باکوور و باشوور کە هیچ پێوەندییەکان بەیەکەوە نەماوە،

٢- لێدانی ٦٦ ئاوبەندی ناکارناسانە لە لایەن "قرارگای خاتم‌النبیا"وە.

٣- لێدانی چاڵاوی قووڵ و هەڵێنجانی ئاوی ژێرزەوی، کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی چاوە و کانیاوەکانی نێو گۆلی ورمێ بوون لێکەوتەی وشکبوونی گۆلی ورمێی لێ کەوتۆتەوە.

هەروەها لە ساڵی ١٣٩٤ـی هەتاوییەوە، دەوڵەتی ڕوحانی ١۵ میلیارد تمەن بوجەی بۆ بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ تەرخان کردبوو، لەم نێوەشدا ژاپۆن ١٠ میلیارد دولاری بە مەبەستی بووژاندنەوە کۆمەک و هاوکاریی کۆڕی بووژاندنەوە کردووە کە لەئەنجامدا نە گۆلی ورمێ بووژانەوەی بەخۆوە بینی و نە کەسیش دەزانێ ئەم پووڵە چی‌بەسەرهات!

ئێستا گۆلی ورمێ بەرەو مەرگ و وشکبوونی یەکجاری دەڕوات، بەپێی بۆچوونی کارناسان لە ئەگەری وشکبووندا و لە داهاتوویەکی نیزیکدا ٦ میلیۆن مرۆڤ لە پارێزگای ورمێ دەبێ ئاوارەی بەشەکانی‌تری ئێران بن و کاریگەریی خوێی گۆلی ورمێ لەسەر ژیانی گەلانی ناوچە بە گشت بوونەوەرەکانییەوە دەبیندرێ و ژیان بەتەواوی وشک دەبێت.

گۆلی ورمێ ئێستاکە زیاتر لە ٩٥ لەسەدی وشک بووە و شیمانە دەکرێ لە ژێر دەسەڵاتی ئەم باندەدا ئیتر هیچکات نەژییەتەوە و پێکهاتەی ئێکۆلۆژی ناوچەکە بە تەواوی لە گرێژنەی خۆی بچێتە دەر و ئەم گۆلە بۆ هەموو لایەک تەنیا ببێتە نۆستالۆژییەک و هیچی‌تر. ئەوە لە کاتێکدایە کە گۆلی وان بە مەودای ٢٠٠ کیلۆمیتر هەر جوان و ڕاوەستاو دەدرەوشێتەوە. لێرەوە دەردەکەوێ کە لەناوبردنی ئەم گۆلە دەستێکی تەواو ئەمنییەتی لەپشتە و هیچی‌تر!