ئاگرکەوتنەوەی گوندی "دەرزیانـ"ـی سەر بە مەریوان کە بە هەوڵ و گیانبازیی پارێزەرانی ژینگەی ئەنجومەنی "سەوزی چیا" کوژابووەوە جارێکیتر لەلایەن نەیارانی ژینگەوە ئاگری تێبەردرایەوە.
ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ دارستانەکانی گوندی "دەرزیان" سەر بە شاری مەریوان لەلایەن نەیارانی ژینگەوە ئاگری تێبەردرا کە پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا کۆنترۆڵ کرا.
پاش کۆنترۆڵی ئەو ئاگرە، دەستی ڕەشی داگیرکەر جارێکی تر و لە شوێنێکی دیکەوە ئاگری بەر دایەوە دارستانەکانی ئەو گوندە و ژینگەپارێزانی "سەوزی چیا"ش دیسانەوە ئەندێشەی سەوزیان کردووە بە ڕێبەر و بەرەو کوژاندنەوەی بەڕێ کەوتوون و سەرەڕای زیاتر لە ٤٠ کاتژمێر هەوڵی بەردەوام و هەناردنی ١٢ تیمی ئاگرکوژێنەوە و ئامادەبوونی خەڵکی ناوچەکە هێشتا ئاورەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاندووە: "کاولکەرانی نیشتمان و ئەو کەسانەی کە یاریدەر و ڕێخۆشکەری ئەم خەیانەتەن ئاگادار ئەکرێنەوە ژینگەپارێزان و نیشتمانپەروەران چاویان ئاوەڵایە و هەموو شتێک لە پێش چاویانە و قەت ناهێڵن خوێنی هاوڕێیانیان بەفیڕۆ بچێ".