کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کاروبارە ناپێوەندیدارەکاندا

10:38 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، بۆ دانانی شارەداری پێنج شاری گەورەی ئێران چاوەڕوانی وڵامی وەزارەتی ئیتلاعاتە.

چارەنووسی شارەداریی پێنج شاری گەورەی ئێران، بە هۆی وڵام نەدانەوەی وەزارەتی ئیتلاعات، لە حاڵەتی هەڵپسێراوی ماوەتەوە.

دانانی شارەداریی لە لایەن وەزارەتخانە نێوخۆی ڕێژیمەوە بۆ شارەکانی تاران، مەشهەد، یەزد، کرماشان و ڕەشت، لەسەر بڕیار و وڵامی فەرمی وەزارەتی ئیتلاعات ڕاگیراوە.

سەلمان سامانی، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز، باسی لەوە کردووە، کە ئەم وەزارەتخانەیە هەتا ڕاگەیاندنی فەرمیی وەزارەتی ئیتلاعات، ناتوانین حوکمی دانانی شارەدارە هەڵبژێردراوەکانی شۆرای ئەو شارانە پەسەند بکەن.

وەدواکەوتنی دانانی شارەدارەکانی ئەو پێنج شارە گەورە، ناڕەزایەتی هێندێ کەسی بە دواوە بووە، کە وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم، لەم پێوەندییەدا داوای لەو کەسانە کردووە، کە پێبەندی یاساکانی ڕێژیم بن و لەم بوارەدا ئاژاوە دروست نەکەن.

وەزارەتی ئیتلاعات کە بەپێی یاسای خودی ڕێژیم، دەبێت ئەرکی پاراستن و دابینکردنی ئەمنییەتی وڵاتی لە ئەستۆ بێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕێژیمە، ڕێژیمێکی میلیتاریزە و سەرکوتکەرە دەستی ئەم وەزارەتخانەیەی لە هەموو بوارەکاندا ئاوەڵا کردووە و لە هەموو کاروبارێکی پێوەندیدار و ناپێوەندیداردا دەستێوەردان دەکات.