کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانەکانی بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیم لە فوتباڵی ئێران هۆشداریی فیفای لێکەوتەوە

12:28 - 11 خەرمانان 2720

فێدراسیۆنی نێونەتەویی فوتباڵ، لەمەڕ دەستێوەردانەکانی بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری پێوەندیدار بە فێدراسیۆنی فوتباڵ داوای ڕوونکردنەوەی کردووە.

قەدەغەکردنی چوونی ژنان بۆ یاریگاکان، فێڵکردن لە وەرگێڕانی ئەساسنامەی فێدراسیون و گەندەڵیی ماڵی کە ئێران بەردوام لەلایەن فیفاوە مەحکووم کراوە، لەو بابەتانە بوون کە چەندین جار بە ئێران ڕاگەیەندراوە کە ئەمانە دەبنە هۆی هەڵپەساردنی فوتباڵی ئێران.

بانگهێشتی ئەندامانی هەیئەت ڕەئیسەی فێدراسیۆنی فوتباڵ بۆ دادستانیی ڕێژیمی ئێران، لە ئێستادا هەڕەشەیەکی جیددییە و ئەگەری هەیە هەڵپەساردنی فوتباڵی ئێرانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە دواوە بێت.

دوای مەحکوومبوونی ئێران کە دەبێ ٦ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار یۆرۆ بە ڕاهینەری پێشووی تیمی بە ناو "میللیـ"ـی ئێران بدات، ڕێکخراوی پشکنینی ئێران ٨ کەسی وەکوو تۆمەتبارانی دۆسیەی ''ویلموتس'' بە دادستانی تاران ناساندووە و دادستانی داوای لە تۆمەتبارانی کردووە هەتا لیستێک لە ماڵ و داراییەکانیان بخەنەڕوو.

سکرتێری گشتیی فیفا هەتا ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان دەرفەتی بە ئێران داوە لە بابەت تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، بەڵگەی پێویست بخاتە بەردەستی فیفا و کۆنفێدراسیۆنی فوتبالی ئاسیا.

هەروەها لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرانی فیفا لە وڵامێکی هەڕشەئامێزانەدا بە ئێرانیان وتبوو کە ئەگەر جیاوازییە بنەڕەتییەکانی ئەساسنامەی فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێران لەگەڵ ئەساسنامەی فێدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ چارەسەر نەکرێت، بڕیارێکی جیددی لەهەمبەر ئەم دامەزراوەی ئێران دەگرێتە بەر.

فیفا لەم نامەیەدا ئاماژەی بە زیاترلە ٨٠ حاڵەتی پێشێلکردنی جیددی لە ئەساسنامەی فێدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ کردووە کە دەبێ فێدراسیۆنەکانی میللی لە وڵاتانی دیکە لەبەرچاوی بگرن.