کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە

13:04 - 4 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" لە خۆپیشاندانێکدا داوایان کرد کە عێراق لە  نێوان ناکۆکییەکانی ئێران و ئامریکادا بێ‌لایەن بێت.

ڕۆژی هەینی، ٣ی جۆزەردان، لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" لە مەیدانی تەحریری شاری بەغداد و لە خۆپێشاندانێکدا داوایان لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کرد کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئامریکا و ئێراندا، بێ‌لایەن بن.

نزیک بە ٣ هەزار کەس لە لایەنگرانی "سەدر" لە بەغداد و هاوکات ٢ هەزار کەسیش لە شاری بەسرە، لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون.

"موقتەدا سەدر"، چەند ڕۆژ لەمەو پێش باسی لەوە کردبوو کە هەر حیزبێکی سیاسی، وڵاتی عێراق بۆ شەڕی نێوان ئێران و ئامریکا ڕابکێشیت، ئەوە دوژمنی خەڵکی عێراقە.

لەو پەیوەندییەدا، لە مانگی پووشپەری ساڵی ٩٧ی هەتاویدا، هاوپەیمانیەتی "السائرون"، بە ڕێبەریی "موقتەدا سەدر"، کە حیزبی کۆمۆنیستی عێراق و بەشێک لە هێزە سێکۆلارەکانیش تێیدا بەشدارن، دوای ئەوەی که لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، دروشمی "ئێران برۆ دەرەوە"یان بەرز کردەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەڵوێست و ناکۆکییەکانی تاران و واشنگتۆن پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و جیددی. هەروەها چەند ڕۆژ لەمەو پێش، ناوچەی سەوزی بەغداد، نزیک باڵوێزخانەی ئامریکا کرایە ئامانجی کاتیووشا.

ڕێژیمی ئێران لە درێژەی پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامیی خۆیدا، وڵاتی عێراقی قوربانیی پێلانەکانی خۆی کردووە.

ڕێژیمی ئێران چەندین گرووپی تێرۆریستیی لە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت لە وڵاتی عێراقدا پێکهێناوە، کە نیگەرانیی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە.