کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا درێژەی هەیە

13:29 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ دان هاوشێوەی ئێران لە عێراق هێزی "بەسیج" پێک بێنن و بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی کەڵکی لێوە بگرن.

لە داوی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بەسره دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و ئاگرتێبەردانی کۆنسولگەریی ئەو ڕێژیمە لەو شارە، ڕێژیمی ئێران  لە ڕێگای حەشدی شەعبیەوە دەستی داوەتە پێکهێنانی هێزی بەسیج.

بەپێی ڕاپۆرتەکان بەرپرسانی ڕێژێمی ئێران لە شاری بەسره دەستیان بە ناونووسیی کردووه.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەو ڕێکخراوەیە چەند هەزار کەسی هەیە و ئەوەش نیگەرانیی چالاکان و خەڵکی ئەو شارە لێکەوتووەتەوە.

هەندێک لە چالاکانی شارە بەسرە باسیان لەوە کردووە ئەو ڕێکخراوەیە بە مەبەستی "سەرکوتی ناڕازییان" دامەزراوە.

گرووپی تێرۆریستیی حەشدی شەعبی کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە بە فەرمی ڕایگەیاندووە، ئەو هێزەی کە کۆکراوەتەوە لە هەموو ناوچەکانی بەسرە بڵاوەی پێکراوە.

لەو بارەیەوە "ئەحمەد ئەلبەسەری" یەكێک لە چالاکانی خەڵکی بەسره وتوویەتی: "دامەزراندنی ئەو هێزە زۆر مەترسیدارە چونکە ئەو گرووپە وەک بەسیجی ئێرانه".

ڕێژیم لە جیاتی ئەوەی لە بیری چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئێران بێت و گوێیان لێ بگرێت، بە سەرمایەکانی خەڵک لە دەرەوەی ئێراندا بە دوای سیاسەتە نامرۆیییەکانی و بەرژەوەندی نیزام کەوتووە و سەرمایەی ئەو وڵاتە بۆ تێرۆر تەرخان دەکات.

لە عێراق ڕێژیم، بە پاڵپشتی کردن لە حەشدی شەعبی کە لقێکە لە سپای تێرۆریستی قودس و وەکوو نوێنەری شێعەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیم لە عێراقە، هەوڵ دەدات بە هەر شێوەیەک بێت، دۆخی نێوخۆی بە عێراق بشیوێنێت.