کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کوردستان درێژەی هەیە

11:55 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی سیاسەتی ئاژاوەنانەوە، جارێکى دیکە ئاوى زێى بچووکى بە ڕێژەیەکى زۆر، کەم کردووەتەوە، کە زیانی بە خەڵکی دەڤەرەکە گەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە رێژەیەکی زۆر، پێشیان بە ئاوی زێی بچووک گرتووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاستی ئاوی زێی بچووک ڕوو لە کەمبوون بکات، کە دەرئەنجامەکانیشی زیانگەیاندن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک زێیەکەیە، کە ڕەنگی تینوویەتیان لێ نیشتووە.

پێشگرتن بە ئاوی زێی بچووک و کەمبوونەوەى سەرچاوەى ئاو و دابەزینى ئاستی ئاوی بیرەکانیان وای کردووە، کە جووتیاران نەتوانن بەباشی بەرووبوومەکانیان ئاو بدەن.

یەکێک لە جووتیارانی دەڤەرەکە باسی لەوە کردووە، هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ ئاوی زێیەکە کەمی نەکردووە، چەند جووتیارێکیش زەوییەکانیان بە بەروبوومەوە بەجێ هێشتووە .

بەپێى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەڵادزێ، پێش گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لە چرکەیەکدا ١١٨مێترسێجا ئاو دەڕژایە زێیەکەوە، بەڵام ئێستا بۆ مێتر و نیوێک سێجا کەم دابەزیوە.

بەرێوبەری ئاوی قەڵادزێ دەڵێت: دابەزینی لەڕادەبەدەری ئاستی ئاوى زێیەکە مەترسی لەسەر ئاوی خواردنەوەی ماڵانیش دروست کردووە و مەترسیی پیسبوونی ئاوەکەش هەیە.

ماوەی دوو ساڵە کە ڕێژیمی ئێران لەسەر زیێ بچووک بەنداوى کۆڵەسەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست کردووە و لە مانگى جۆزەردان ئەمساڵیشدا بە مەبەستى پڕکردنى بەنداوەکە زێی بچووکى گرتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێیەکە، کە زیاتر لە ٣٠٠٠ دۆنم زەویی بەراو و نزیکەی ٢٠ پڕۆژەی  بەخێوکردنی ماسی و هەزاران سەر ئاژەڵ لە سنووری شارەدێی پشدەر کەڵک لە ئاوەکەى وەردەگرن، جگە لەوەى سەرچاوەى ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە ٨٠ هەزار هاووڵاتیی قەڵادزێیە.

وڵاتی ئێران تووشی کەمئاوییەکی مەترسیدار بووە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەش بۆ دابینکردنی ئاو بەتایبەت شارە ناوەندییەکانی ئێران سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان بەتاڵان دەبەن.