کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسنیشانکراوێک کە لە کاتی ماڵئاواییدا ھات

16:42 - 8 بانەمەڕ 2719

سۆران شەمسی

تێرۆریستێک ڕۆیشت، تێرۆریستێکی دیکە بوو بە جێگیری! لە ساڵی ڕابردووەوە بەشە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی سەرو و ناوەندی سپای پاسداران بە حوکمی عەلی خامنەیی و ھێندێک کات فەرماندەی گشتی سپای پاسداران گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی، وەها خێرایی و ئاستێک لە گۆڕینی دەسەڵاتداریی سەربازی، کەمتر بەرچاو کەتووە و ئەمە بەو مانایەیە کە ھەواڵێکی تایبەت و ئاڵۆزیەکی تەواو بوونی ھەیە.

خامنەیی دوای خستنی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆریستی و زەربەی ستراتیژیک بە پێکهاتەی نیزام، سەرکردەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی گۆڕی.

رۆژی (١ی گوڵانی ٩٨)، خامنەیی لە حوکمێکدا پاسدار محەممەدعەلی جەعفەریی لە فەرماندەیی سپا لابرد و پاسداری تێرۆریست حوسێن سەلامیی لە جێی ناوبراو دانا.

خامنەیی لە ترسی ڕاپەڕینی کۆمەڵگا و قەیرانە مەرگبارەکانی نێودەوڵەتیی دژبە ڕێژیم  و لەگەڵ ئاگاداربوون لە تێکچوونی پاسدارەکان لە حوکمی خۆیدا بۆ پاسدار سەلامی بە زمانێکی نائومیدانە لەسەر ئامادەیی ھەموو بەشەکان جەختی کردووەتەوە.

پاسدار حوسێن سەلامیش خۆی پێشتر دانی بە مەترسیی ڕاپەڕینی ئاگرینی خەڵک، بەپێچەوانەی هاتوهاواری پووچی ھەمیشەیی، بە شێوەی پاڕانەوە وتبووی: "خەڵک نابێت گرژ و ئاڵۆز بن و تێک بچن و دەبێت ئارام بن".

حوسێن سەلامی ھەشتەمین فەرماندەی سپای پاسداران لە دوای شۆڕشی دەستبەسەرداگیراوی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییە.

ناوبراو لە فەرماندەکانی زۆر ڕادیکاڵی ئەم ھێزەیە و هەمیشه هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل و ئورووپای لە ڕێگای مووشەکە دوورهاوێژەکانی ڕێژیمی لەسەر زار بووە.

بڕیاری نوێی ڕێبەری کۆماری ئێسلامی دوو ھەفتە دوای ئەوە ڕاگەیندرا، کە ئامریکا نێوی سپای پاسدارانی بە پێڕستی ڕێکخراوە تێرۆریستەکانی دەرەکی زیاد کرد.

سپای پاسداران لە ڕۆژەکانی ڕابردوو لەگەڵ پرسێکی دیکە ڕووبەڕوو بوو و ئەویش ناڕەزایەتیی خەڵک لە هەمبەر بانگھێشتی فەرمی سپای پاسداران لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق وەکوو: حەشدی شەعبی و ئەلنەجبا بۆ چوونیان بۆ ناوچە لافاولێدراوەکانی پارێزگای خووزستان بوو، کە وادیارە بە بانگهێشتی قاسم سلێمانی، فەرماندەی ھێزی تێرۆریستی قودسی سپا بووە.

ئەم کارە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی ھەمەلایەنە ڕووبەڕوو بوو، کە دەیانزانی بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتیشە و زۆربەی کاربەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئە.و کارەیان مەحکووم کردووە

سپای پاسداران یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێرانە کە لە ڕێگای باسکی ئابووریی خۆی، قەرارگای خاتەمەلئەنبیا، بەشی ھەرەزۆری ئابووریی وڵات کونتڕۆڵ دەکات و دەستی بەسەر زۆربەی بنکەکان وەکوو: بانکداری، پیشەی نەوت، پەیوەندییەکان و بازرگانیی نێوخۆیدا گرتووە.

لە دوای دەستنیشانکردنی حوسێن سەلامی لە لایەن خامنەیییەوە بە فەرماندەییی سپا دەبێت سەرنجی ئەم بابەتە بدەین، کە ناوبراو یەکەمین فەرماندەیە کە بە شێوازێکی ئاشکرا و فەرمی فەرماندەییی ڕێکخراوێکی تێرۆریستی وەردەگرێت و لە و بارودۆخەش ئەم پلەیەی پێ گەیشتووە کە دوور نییە دوایین فەرماندەی سپا بە وەکوو نازناوێک بۆی بمێنێتەوە

گۆڕینی فەرماندەی سپا لە دوو حەوتوو دوای کەوتنە نێو لیستی سپای پاسداران و دوای کارەساتی لافاو هاتووەتە ئاراوە، کە زیادبوونی نفرەتی گشتیی لە سپای پاسدارانی لێ کەوتەوە.

لە دوای کارەساتی لافاو سپای پاسداران سەرەڕای ھەبوونی ھەموو جۆرێک پێداویستی و کەرەستەیەک، بە ھانای لێقەوماوانەوە نەچوو و لە جیاتی یارمەتیگەیاندن دەستوپێوەندییە دەرەکییەکانی خۆی بۆ سەرکوتی جووڵانەوەی ھەمەلایەنەی خەڵکی داماو ھێناوەتەوە نێو وڵات.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو، خامنەیی لە تەواوی ئاخافتنەکانی نیسبەت بە دابەزینی و ھەرەسھێنان لە نێو سپا ھۆشداری دابوو.

فەرماندەی نوێی سپای تێرۆریستی چەندین جار هەڕەشەی سەربازیی لە ئامریکا و ئیسرائیلی بە پێکدادانی کردووە و پێشتر ئەوەش ھۆشداری ئەنجامی تاقیکردنەوەی مووشەکی کردبوو. پەیامی ئەم دەستنیشانکردنەی خامنەیی دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاڵۆزی و زێدەڕۆی زیاتری سپا لە داھاتوودا.

دیاریکردنی فەرماندەی سپا بەپێی یاسای بنەڕەتی لە دەسەڵاتی ڕێبەری ڕێژیمە و بڕیاری تایبەت لە لایەن وەلی فەقیهـیە کە دەسەڵاتی ئەو تەنانەت زیاتر لە یاسای بنەڕەتیی ئێرانە. خامنەیی تایبەتمەندیەکی لە پاسدار سەلامی بە نیسبەت فەرماندەکانی دیکە بینیووە کە لەبەرچاوتر و تایبەتیترە و ئەو تایبەتمەندییە بریتییە لە ‌هەڕەشە و گۆڕەشە و بیرۆکەی قووڵی هێرشبەریی ناوبراو دژ بە ئامڕیکا، ئیسرائیل و تەنانەت ئورووپایە کە بنەمای ئەم ڕوانگە و تێڕوانینەیە.

یانی هەنگاو هەڵگرتن بەپێی یەکێک لە بیرۆکە بنەڕەتی و بنەمای ڕەفتاری و گوتاری ڕێبەر لە لووتکەی پرسەکانی ئێران و ئامریکایە. لە دەورەیەک کە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی ئامریکا بەکارهێنانی زەختی زۆر لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابینکردنی گۆڕینی بنەڕەتی لە ڕەفتاری ڕێژیمە کە بەم بۆنەوە سپای پاسداران لە ڕیزی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و فەرماندەکانیشی لە ڕیزی گەمارۆوەکانی ئامریکا  کەوتن.

ناوی حوسێن سەلامی  لە لیستی گەمارۆوەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی تۆمار کراوە.

لە دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ١٧٣٧ شۆرای ئەمنییەت لە دیسامبری ٢٠٠٦دا، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ناوی سەلامی لەگەڵ کاربەدەستانی دیکەی سپای پاسداران لە لیستی گەمارۆوەکاندا خست. ھەروەھا ناوبراو لە لایەن وزارەتی خەزێنەدارییەوە لە لیستی گەمارۆوەکانی پەیوەندیدار بە تێرۆریزمی جیھانی و چەکە کۆمەڵکوژەکاندا هاتووە.

یەکیەتیی ئورووپاش لە ساڵی ٢٠٠٧ ناوی حوسێن سەلامیی لەگەڵ محەممەدعەلی جەعفەری و قاسم سلێمانی دانا کە لە بەرنامەی مووشەکیی ئێراندا ڕۆڵی بەرچاویان ھەیە.

تێروانینێک بە بۆنە ھەرەگرینگەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو: ٢٢ی بەھمەن، ساڵڤەگەڕی شەڕی عێراق و ئێران، ساڵڕۆژی دامەزراندنی سپای پاسداران و ھەروەھا نوێژەکانی هەینی و ھەواڵە تایبەتەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ھێزە چەکدارەکان و سپا نیشان دەدات، کە پاسدار سەلامی  لە ئاخاوتنەکانی بنەمای ئەم بۆنە و بەرنامە تەلەفزیۆنیانە بەتایبەت بەرنامەی شرۆڤەیی نیو هەتا یەک کاتژمێریی لە ڕێکخراوی دەنگوڕەنگ بووە. بەرنامەکانی پڕ لە هاتوهاوار و ‌هەڕەشەیە کە قسەی دڵی خامنەیی بووە و لە لایەن ئەو دەربڕاوە: ڕاگەیاندنی پێشوازیی لە شەڕ لەگەڵ ئامریکا، ئامادەیی بۆ تەقاندنەوەی بەلەمی شەڕکەری ئامریکا لە کەنداودا، هەڕەشەی زیادکردنی مەودای مووشەکەکان لە ئورووپا و ڕاگەیاندنی حزوور لە سووریە بە مەبەستی ڕاگرتنی پەیوەندی لەگەڵ حیزبوڵڵا و فلستینییەکان و لەنێوبردنی ئیسرائیلە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژیم بەرەو پەراوێزکەوتوویی دەبات و بۆ دونیا و خەڵکی ئێران ناخ و نێوەڕۆکیان ئاشکراتر دەبێت، کە لە ڕوانگەی خامنەیییەوە ئەم کارانە ڕاوەستان لە هێڵی بەرگریدایە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.