کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسڕێژ و کوشتنی نیزامییانی ڕێژیمی ئێران بەرهەمی سیاسەتی سەرکوتکارەنەیە

11:22 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دەسڕێژەکەی ئەهواز بەرهەمی ڕێژیمێکە، کە هەر لە بنەڕەتەوە ویستوویەتی بە زەبری چەک و تۆقاندن سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا مسۆگەر بکات.

ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ساڵیادی بەرزڕاگرتنی هەشت ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق، کە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ نواندنی هێزی سەرکوتکەریی خۆیان و تۆقاندنی دژبەرانی نێوخۆ و دەروەی ئێران سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ڕێژە و مانۆڕی نیزامیی بوون، لە شاری ئەهواز لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە بەرەو شوێنی ڕاوەستانی بەرپرسانی سپا دەسڕێژ و تەقەیەکی زۆر دەستی پێ کرد، کە کوشتن و برینداربوونی دەیان ئەندامی سپا و هێزە نیزامییەکانی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ئێران و هەروەها هەواڵدەرییە دەرەکییەکان، بە هۆی ئەم دەسڕێژە ٢٩ کەس کوژراون و نزیک بە ٦٩ کەسیش بریندار بوون، کە زۆربە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن.

لەم پێوەندییەدا ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی و بەرپرسانی دیکە لە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، ئەو هێرشەیان پێوەندی دا بە وڵاتانی دەوروبەر و ئەو کەسانەی کە بەرەو هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم تەقەیان کردووە، بە دەستوپێوەندی دەوڵەتانەی ناوچە زانیوە.

خامنەیی لە لێدوانێکدا لەم بارەوە وتوویەتی: دەسڕێژ و تەقە بەرەو هێزە چەکدارەکان، درێژەی پیلانی وڵاتانی ناوچەن "وڵاتانی دەسنیشانکراوی ئامریکا"، کە ئامانجیان نانەوەی ئاژاوە و نائارامیی لە ئێرانە.

محەممەدجەواد زەریف یەکێکی دیکە لەو بەرپرسانەیە کە لە تویتێکدا، ئەم هێرش و تەقەیەی بە پیلانی ناڕاستەوخۆی یەکێک لە وڵاتانی دەرەوەی زانی، هەروەها بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە ئەم دەسڕێژە و هەروەها هێرش بۆ سەر گۆڕی خومەینی بونیاتنەری کۆماری ئیسلامی، "تاوانی خۆڕاگریی دەوڵەت و میللەتی ئێران لە بەرانبەر تێرۆریزمـ"ـە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام لە وەها کات و ساتگەلێکدا خۆیان لە ژێر باری بەرپرسایەتی و سیاسەتە هەڵە و چەواشەکارانەکانیان دەرباز دەکەن و ڕووی قسەیان بەرو وڵاتانی دەرەوەی دەکەن و هەموو کەموکوڕییەکان وە ئەستۆی کەسانێک بەدەر لە خۆیان دەخەن.

ئەگەرچی ئەم هێرشەی ئەهواز لە لایەن چەندین گرووپەوە وە ئەستۆ گیراوە و بەرپرسێکی سپای پاسدارانیش ڕایگەیاندووە: کە هێرشبەران چوار کەس بوون و هەر چواریان کوژراون، بەڵام هەتا ئێستە زانیاریی ورد لەسەر هێرشەکە و هێرشبەرانیش لە بەردەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرچاوەی هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەمڕۆ ١ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکان لە شاری ئەهواز دەستیان داوەتە ڕەشبگیرییەکی بەرین و خەڵکی زۆریان لەو شارە دەسبەسەر کردووە، ئەم ڕەشبگیرییە، پاش فەرمانی خامنەیی بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی هۆکارەکانی ئەم هێرشە بوو، کە لە ڕوانگەی ئەوەوە جەنایەتکار و خوێنڕێژن.

ڕێژیم کە لە کاتی وەهادا خۆیان بە قوربانی تێرۆریزم دەزانن و وڵاتان و دژبەرانی خۆیان لە ڕیزی تێرۆریستەکان دەخەن، قەت ئاوڕ لە سیاسەتی هەڵە و سەرکوتکارانەی خۆیان لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداریەتییان نادەنەوە و بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەگەر کەسانێک لە بەرانبەر ئەواندا ڕاوەستن و لە خۆیان داکۆکی بکەن تێرۆریستن، ئەی پشتیوانییە ماڵی و سەربازییەکانی ئەمان لە تێرۆریستانی ناوچەکە کە ٤ دەیەیە داهات و سامانی خەڵک ئێرانیان پێ دەدرێت، هەتا لە وڵاتانی ناوچەکە ئاژاوە و شەڕ بنێنەوە دەچێتە چ چوارچێوەیەک؟ یان کوشتنی خەڵکی بێتاوانی سووریە بە پاڵشتی جەنایەتکارێک وەک بەشار ئەسەد پشتیوانیی لە تێرۆریزم نییە کە باس لەوە دەکەن کە ئەم هێرشانە تاوانی خۆڕاگریمان لە بەرانبەر تێرۆریزمە؟

ئەم دەسڕێژ و تەقەکردنە کە بەرپرسانی بە دەستێوەردان و پیلانی دوژمنانی دەزانن، هەموو پاساهێنانەوە و خۆدەربازکردن لە ڕاستییەکانە، دەنا هەموو ئەم کردەوانە و سەرجەم ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئێران بەرهەمی سیاسەتی دژەگەلییانەی خۆیانە، کە جێگرەوە سیاسەتی دروستی و دادپەروەری بووە.

ئەگەر لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، شایەتی هێندێ دژکردەوە لە هەمبەر ڕێژیمی ئێرانین، کە لە لایەن وڵاتانی دەرەکیش مەحکووم کراون، دەتوانین بڵێن خولقێنەری و بەستێنسازی ئەم چەشنە کارانە خودی ڕێژیمە، کە دەبێت چاوەڕوانی کردەوەی لەمانە قووڵتر بکات، کە دووکەڵەکەی تەنیا دەچێتە چاوی خەڵکی بێتاوانی ئێرانەوە.

ئا: جەماڵ فەتحی