کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەتنەکەوتنی دەرمانی ئالزایمێر لە ئێران

11:45 - 9 رێبەندان 2721

دەستنەکەوتن و گرانیی دەرمانی ئالزایمێر لە ئێران کێشەی بۆ نەخۆشەکان درووست کردووە.

"مەعسوومە ساڵحی" کارگێڕی گشتیی ئەنجومەنی "ئالزایمێر" لە ئێران، باسی لەوە کردووە کە دەرمانی نەخۆشیی ئالزایمێر لە ئێران زۆر بە کەمیی دەست دەکەوێت.

 "ساڵحی" باسی لەوە کردووە ئەگەر لە کاتی خۆیدا ئەو دەرمانە بۆ ئەو نەخۆشانە دابین نەکرێت تووشی تێكچوونی وەکوو خەیاڵات، وڕێنە و دەمارگرژی دەبن.

بە وتەی ناوبراو دەرمانی وڵاتانی دیکە بۆ نەخۆشیی ئالزایمێر لە دەرمانخانەکان بە هیچ شێوەیەک دەست ناکەوێت و دەرمانەکانی بەرهەمی نێوخۆی ئێرانیش زۆر بە کەمیی دەست دەکەون و ئەگەریش هەبن زۆر گرانن.

کەمیی دەرمان لە ئێران تەنیا پەیوەندیی بە نەخۆشانی ئالزایمێرەوە نییە بەڵکوو نەخۆشەکانی دیکەشی لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە  و ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو دەرمانانە بەشێوەی ئاسان و بە چەند بەرابەری نرخ لە بازاڕی ئازاددا دەست دەکەون.

"موجتەبا بووربوور" جێگری سەرۆکی دەرمانسازانی ئێران، کەمیی دەرمانی لە ئێران پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی: "بارودۆخی هاوەردەکردنی دەرمان بۆ ئێران زۆر نالەبارە".

بە وتەی "بووربوور" وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بە "پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆیی پێشگیری لە هاوردەکردنی دەرمان بۆ نێو ئێران دەگرێ و ئەو سیاسەتە کێشەی بۆ ئەو نەخۆشانە دروست کردووە کە کەڵک لەو دەرمانانە وەردەگرن.