کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتدارانی تورکیە جارێکیتر حاشا لە هەبوونی کوردستان دەکەن

10:55 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕەجەب‌تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە، جارێکی تر حاشای لە هەبوونی باکووری کوردستان کرد.

ڕۆژی هەینی، ۲٤ی ڕەشەمە، "ڕەجەب‌تەیەب ئەردۆغان"، سەرکۆماری تورکیە، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا جارێکی تر حاشای لە هەبوونی بەشێک لە کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، کە لە وڵاتی تورکیەدا بەشێکمان بە ناوی کوردستان نییە.

سەرکۆماری تورکیە، لە یەکێک لە لێدوانەکانی وتوویەتی: "لە وڵاتی تورکیە بەشێکمان بە ناوی کوردستان نییە، بەڵکوو باشووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای تورکیەمان هەیە، ئەو سەرکردانەی هەدەپە کە دەڵێن کوردستان، کوردستان، با بڕۆن بۆ کوردستان لە باکووری عێراق، ئێمە لە تورکیە کوردستانمان نییە".

سەرەڕای چەواشەکارەکانی ئاکپارتی لە شارەکانی شەرناخ و هەکاری، دەنگی زۆرینەی بەدەست نەهێناوە، هەر چەندە وەکوو ماباقی شوێنەکانی تری تورکیە بە مەبەستی سیاسی خزمەتی ئەو دوو شارەشیان کردووە.

پێشتریش ڕەجەب‌تەیەب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیە، لە شاری ئارتڤین وتبووی: "ئایا لە وڵاتی ئێمەدا ناوچەیەک بە ناوی "کوردستان" ھەیە؟ ئێستا دەزانن بۆ باسی "پرسی چارەنووس'' دەکەین؟ لە وڵاتی ئێمەدا ئانادۆڵی ڕۆژھەڵات ھەیە، باشووری ڕۆژھەڵاتی ئانادۆڵ ھەیە، دەریای ڕەشمان ھەیە، دەریای سپیمان ھەیە، ئانادۆڵی نێوەڕاستمان ھەیە، ئێژەمان ھەیە، مارمەرامان ھەیە و ٧٨٠ ھەزار کیلۆمیتر خاکی نیشتمانی ئێمەیە، بەڵام ئەگەر کوردستانتان دەوێت، ئەوە لە باکووری عێراق کوردستان ھەیە، بڕۆنە ئەو شوێنە. ئێمە ڕێگە نادەین ئێوە ئەم خاکە دابەش بکەن".

ئەردۆغان، لە کاتێکدا، حاشا لە هەبوونی باکووری کوردستان دەکات، کە چەند ساڵ پێش خودی "ئەردۆغان" لە وتووێژێکدا دانی بە باکووری کوردستاندا ناوە و تەنانەت وتبووی: کە لە سەردەمی عوسمانییەکانیشدا ویلایەتی کوردستانمان هەبووە.

لە لایەکی ترەوە چەند ڕۆژ پێش، "مەولوود چاوش ئوغلوو"، وەزیری دەرەوەی تورکیە، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردەنەکانی تورکیەدا ڕایگەیاندبوو: "ئێمە کێشەمان لەگەڵ کوردەکانی ئێران، عێراق و سووریەدا نییە و ئەوان خۆشک و برای ئێمەن"، ناوبراو دانی بە سێ پارچەی کوردستاندا ناوە و حاشای لە هەبوونی باکووری کوردستان کردووە".