کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتی تاوان و دەسیسە و داواکاری مامۆستایان!

11:38 - 29 جۆزەردان 2722

حەسەن ساڵحزادە

نیزامی دژی گەلی ئەمڕۆی ئێران، یەکێک لەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیانەیە کە سەبارەت بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ لە دنیای ئەمڕۆدا نموونەی نییە. هەروەها بەردی بناغە و ڕەگی کۆتایی کۆشکی چوار دەیە لە تەمەنی دەسەڵاتەکەی لە تاوان و خوێن و سەرکوت دروست بووە، بینایەک کە بە فەرمانی ئاخوندە دنیاپەرەستەکان و بە دەستی هێزێکی بەکرێگیراوی چاوچنۆک ساخ بۆتەوە. دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران نەتەنیا بە هیچ جۆر ڕەوایی خۆی لە خەڵک وەرناگرێ، بەڵکوو لەلایەن کۆمەڵێک بەکرێگیراوی چەندڕەنگی وەک پاسدار و بەسیج و جاش و سیخوڕەوە کە هەر هەموویان بەدوور لە پڕەنسیپ و کەرامەتی ئینسانین دەپارێزرێ.

چەخماخەی لێدانی بیرۆکەی ئەم هێزە لە سەردەمی خومەینیدا بە ناوی "ئەرتەشی ٢٠ میلیۆنی" لێ‌درا. سەرەتا وایان نواند کە ٢٠ میلیۆن کەس لەهەمبەر دوژمنی دەرەکیدا بەرگری لە نیزام دەکات، کەچی دواتر دەرکەوت کە دوژمنی سەرەکی نیزام هەر خەڵکی ئێران بۆ خۆیەتی. ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین کە سپایەکی زەبەلاحی بێ‌مێشک و ورگزل دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە کە دەستیان بۆ هەر چەشنە جینایەتێک ئاواڵەیە و هاتوونەتە مەیدان و ڕووبەڕووی ناڕازیان و مافخوازان دەبنەوە. گەورەکانی ئەم سپایە هەر هەموویان لە ئاکامی جینایەت و خیانەتی جۆراوجۆرەوە پۆست و پلەیان خەڵات کراوە و هەنووکەش وەک مافیای نێودەوڵەتی و دێوەزمەی ناوخۆیی ڕۆڵی مافیایی دەگێڕن و لە گەندەڵی و تاڵاندا لە کێبەرکێدان. وەک دیارە، لە نێو ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندیدا به‌كرێگیراوان و سه‌ركوتكه‌ران پله‌كانی ده‌سه‌ڵات یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌بڕن و بە ساناهی پله‌وپایەی ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌چنگ ده‌خه‌ن. تەنانەت پۆستە سەرەکییەکانی وەک سه‌ركۆماری و مەجلس و قەزاییش هەر لە دەست ئەواندایە.

ئەمڕۆژانە هەروەک لە میدیاکاندا دەبیندرێ، خەڵکی ئێران بەگشتی و توێژی مامۆستایانی قوتابخانە بەتایبەتی، بەشێوەیەکی ئارام و بەپێی یاسای ڕێگەپێدراو دەستیان هەڵبڕیوە و داوای مافە پیشەییەکانی خۆیان لە ناوەندە پێوەندیدارەکان دەکەن. لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردانەوە تا بە ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠ مامۆستا لە کوردستان لەژێر کەشوهەوایەکی تەواو پۆلیسیدا دەستبەسەر کران. بەکرێگیراوان هەروەک ئەوەیکە لەگەڵ وڵاتێکی بێگانەدا لە شەڕدا بن، بە تێرۆر و تۆقاندنی ماڵ‌ و خێزان و لە نیوەی شەودا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مامۆستایان و بە بێ دادگایی و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ڕاپێچی سیاچاڵەکانی خۆیانیان کردن. بەکرێگیراوانی تینووی خوێنی مافخوازان و دادپەروەران بەوەش سوکناییان نەهات و لە هەموو شارەکانی کوردستان بە گۆپاڵ و بێڕێزیکردن هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان. بۆوێنە لە سەقز چەند مامۆستا بەشێوەیەکی نەشیاو و بەدوور لە ئەخلاقی مرۆیی لە لایەن بەکرێگیراوانەوە پەلامار دران و وەک جینایەتکاری جەنگی بە زنجیرکراوی ڕاپێچی دادگای تاوان و دەسیسە کراون. گۆمەڵگەی ئێمە دەبێ ئەو ڕاستییە باش بزانێ کە ڕێژیمی ئاخوندی تارانیش وەکوو دەوڵەتی داعش مەحکووم بە مەرگ‌و نەمانە. کاتێک بەکرێگیراوانی دەسەڵاتێک لە ڕۆژی ڕووناکدا لە سەر شەقام و لەبەرچاوی خەڵک، کەلەبچە و پێوەند لە دەست و قاچی مامۆستا بدەن، مانای ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتە دژی گەل و بەها ئینسانییەکانی خەڵکە و دەبێ لەناو بچێت.

وەک وترا، دەسەڵاتی حکومەتی سەرەڕۆ و دژی گەلی ئێران لە سەر بنەمای هەڕەشە و تۆقاندن پێک هاتووە. بەرپرسانی پلەبەرزی نیزام جیا لەوەیکە هیچکات لەبەرانبەر ویستی خەڵکدا خۆ بە وڵامدەر و بەرپرس نازانن، بەڵکوو بەردەوام بیر لە پاراستنی پلەوپایە و ئامانجە قەبێحەکانی خۆیان دەکەنەوە و لەم ڕێگایەشدا لە هیچ جینایەتێک و کردەوەیەکی دژەمرۆیی خۆناپارێزن. ئەوان دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن، هەربۆیە هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا دەنگە ناڕازییەکان کپ بکەن. ڕێژیمی ئاخوندی کە کۆڵەکەکانی تەمەنی نگریسی دەسەڵاتەکەی لە تاوان و دەسیسە پێک هاتوووە، هیچکات گوێ لە دەنگی مافخوازان ناگرێ. لە حاڵەتە سەرەتایی و بچووکەکاندا بە پشتبەستن بە هێزی بەکرێگیراو هەوڵ دەدا بە سەر ناڕازیاندا زاڵ بێت واتە لە قۆناخی یەکەمدا ئێعلانی شەڕ دەکا و هەر جۆرە داواکارییەک دەربارەی ماف و ئازادییەکان بە پرۆژەی دوژمن ئەژمار دەکرێ. هەروەها ئەگەر گەورەیی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە ڕادەیەک بەرز ببێتەوە کە تاج و تەختی دەسەڵاتەکەیان بخاتە لەرزە و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزی بەکرێگیراودا بێ، دەست و داوێنی پیلان و دەسیسە دەبن تا جارێکی دیکە خۆیان بگرنەوە.

شایانی باسە کە پرۆسەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە کوردستان بەپێی هەموو پێوانەکان ڕەوتێکی یاسایی‌ و ئەرێنییە و پێوەندی ڕاستەوخۆی بە کێشە و گرفتەکانی مامۆستایان و پرسی فێرکاریی لە نێو سیستمی پەروەردەی ئێرانەوە هەیە کە لە ئەگەری جێبەجێبوونی داخوازییەکانیان، کۆمەڵگەی داهاتووی ئێران و کوردستان لەڕووی چەندین بواری پەروەردەیی و فێرکاریییەوە ڕووی ئارامی و دادپەروەری بەخۆیەوە دەبینێ. کەچی بەپێچەوانەی ڕاستییەکان، دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئاخوندی بە هێنانەئارای دەسیسەی جۆراوجۆر هەوڵی بەلاڕێدابردنی داخوازیی مامۆستایانی کوردستان دەدات و ئەوان بە نوێنەری بێگانە دەشوبهێنێ.

ئەگەر گریمان مامۆستایانی کوردستان تا دوێنێ بە فەرمانی دوو مامۆستای ئاسایی فەرانسەیی دەهاتنە سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دەدا، ئەی ئەمڕۆ بە فەرمانی کێ لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە و داوای مافەکانیان دەکەن، خۆ ئێستا هەر دوو مامۆستای فەرانسەیی لە زیندانی خۆیاندان!

قسەی کۆتایی ئەوەیە کە ناوەڕۆکی دەسەڵاتی تاوان و دەسیسە لە تاران ناتوانێ داواکاریی مامۆستایان لەخۆ بگرێ و هەڵگری چارەسەری پرسی فێرکاری و گرفتەکانی مامۆستایانی مافخوازی نییە هەربۆیە مامۆستایانی ئێران و کوردستان هیچ ڕێگەیەکیان بۆ نەماوەتەوە بێجگە لەوەی کە شانبەشانی توێژە جۆراوجۆر و بەشخوراوەکانی دیکە بێنە سەر شەقام و دروشمی مەرگ‌ و نەمان بۆ نیزامی دژی مرۆیی تاوان و دەسیسەی ئاخوندەکان بڵێنەوە. ئەوەش بە هەوڵی یەکێتی و یەکگرتوویی هەمەلایەنە بە ئەنجام دەگات.