کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران تووشی داڕمان بووە

12:24 - 22 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ولایەتی فەقیهـ متمانەی بە دام و دەزگا نیزامی و ئەمنییەتییەکانی خۆی نەماوه و وەزارەتی ئیتلاعات چاودێریی هەموو کارێک  و کۆنتڕۆڵی هەر جموجۆڵێکیش دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیم لە وێستگاکانی ڕێگاوبان کە هێزی سەرکوتگەری ئینتزامی لێ جێگیر کراوە و جموجۆڵی خەڵک کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئێستاکە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لەو شوێنانەدا جێگیر کراون و هێزی ئینتزامی لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی ئیتلاعاتدا ماشینەکان دەپشکنن.

بەپێی ئەو هەواڵە، وێستگەی سێڕای "دارەلەک" لەسەر ڕێگای مەهاباد بۆ ورمێ، ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە هێزی وەزارەتی ئیتلاعات لەگەڵ هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران، ماشینی هاووڵاتییان دەپشکنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە ڕێژیم متمانەی بە ناوەندە نیزامییەکانی خۆی نەماوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆنتڕۆڵی دەسەڵات بە فەرمی بکەوێتە دەست ناوەندێکی جەنایەتکار و بە مەیلی خۆی هەڵسوکەوت بکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، هێزێکی زۆری لیباس شەخسی لە نێو شاری شنۆ گەشتیان لێداوە.

دانیشتووانی ئەو شارە ڕایانگەیاندووە کە وێدەچێت کە سپا لە حاڵی کارێکی نهێنیدا بێت، بۆیە هێزەکانی لە هەموو شاردا بڵاوە پێ کردووە و فەزای شار بە تەواوەتی میلیتاریزە کراوە.