کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

16:32 - 25 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر چەواشەکردنی دروشم و خەباتی حیزبی دێموکرات لە لایەن هێندێک لایەنەوە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاونیشتمانانی بەڕێز !
خەڵکی خۆڕاگر و خەباتگێڕی کوردستان !
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و ڕێبازی ڕێبەرانی شەهید !


کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە، لەگەڵ دەنگی مافخوازی کورد و داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان نامۆ و نەیار بووە و چەمکەکانی مافی مرۆڤ، دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی و یەکسانیی ژن و پیاوی لە کۆمەڵدا دژ بە باوەڕە چەقبەستوو و دواکەوتووەکانی خۆی زانیوە و دژایەتی کردوون، هەڵگرانی ئەم چەمکە ئینسانی و سەردەمییانەیان، ڕاو ناوە، گرتووە، ئەشکەنجە و تەنانەت ئێعدام کردووە.

هەر بەوانەوە نەوەستاوە و لە دژی ئەو بیروباوەڕانە و حیزب و ڕێکخراوەکانی هەڵگری ئەم چەمکە ئینسانییانە، پیلانی جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگی گێڕاوە و لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆی بۆ بێ‌بەها نیشاندانی ئەم چەمکانە تێکۆشاوە و هەوڵی ئەوەشی داوە تا بێجگە لە ڕاگەیاندن و پەسندوێژەکانی خۆیەوە لە ڕێگای هێندێ کەس و لایەنیشەوە سیاسەت و باوەڕە دژ بە ئازادییەکانی لە نێو خەڵک و کۆمەڵگای کوردستاندا بڵاو بکاتەوە؛ بۆ ئەوەی بازنەی لایەنگری لە ڕێژیم بەرین و بەربڵاو نیشان بدا و کەش و هەوایەکی وا بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات کە خەباتی خەڵکی کوردستان و قارەمانەتی ڕۆڵە فیداکارەکان و حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان کەمڕەنگ بکاتەوە و خۆڕاگری و خەباتی ئەوان ناشوێندانەر بناسێنێ و بەگشتی وا بکات کە ڕابردووە پڕ لە شانازییەکانی کورد بە هەڵە و بە دوور لە ئیرادەی کورد چەواشە بکات. بە جۆرێک کە دروشمی ڕووخانی ڕێژیم بە ناماقوڵ و خەبات و خۆڕاگری و بەڕێوەبردنی شێوەکانی خەباتی کورد لە لایەن هێندێ لایەنەوە داسەپاو بە سەر کورددا لە قەڵەم بدەن و قەڵافەتی ڕێژیم هێند بەرز و بەهێز نیشان بدەن کە دەنگ و دەست هەڵبڕین لە بەرانبەری‌دا بێ کەڵک و بێ‌ئاکام بنوێنێ.

ئەوانە لە حاڵێکدان کە کورد بە ئیرادەی خۆی و لێکدانەوەی ژیرانە ئامادە نەبوو لە ڕێفراندومێکدا بەشدار بێ کە بەستێنسازی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ، ئەوکات بێجگە لە کورد چ هێز و لایەنێکی دیکە بە ڕاست و چەپ و ئایینییەوە لە ڕەدی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەڵوێستیان گرت تا بگوترێ ئەوان ئیرادەی خۆیان بەسەر کورددا سەپاندوە؟!

ئاساییە کاتێک کورد لە بناخەوە دژ بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ، دروشمی ڕووخانی ڕێژیم بۆ ئەو نەتەوەیە زۆر سروشتی خۆی دەردەخا. پاشان ئەو کات کە هێزە کوردییەکان دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان بە فەرمی و ڕاشکاوی ڕاگەیاند چ هێز و لایەنێک لەو بارەوە پێش نەتەوەی کورد کەوت تا گومانی ئەوە بخولقێنێ کە کورد بە چاولێکەری لەوان دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی هەڵگرتووە.

باس لە ناشوێندانەریی خەباتی جیددی و شێوەی بەرەنگاری لەگەڵ ڕێژیم دەکرێ و هەوڵ دەدرێ سەردانەواندن و مل‌کەچ کردن بۆ ڕێژیم جێگای بگرێتەوە کە گۆیا کارسازترە، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە چما کەڕووبی، مووسەوی، خاتەمی، مونتەزێری، بەنی سەدر و ... خەباتی توند و جیددیان لە بەرانبەر ڕێژیمدا ئەنجام دابوو کە لەگەڵ ئەو چارەنووسە بەرەوڕوو بوون، قسە لە دیالۆگ لەگەڵ ڕێژیم دەکرێ و تۆوی ئەو گومانە بڵاو دەکرێتەوە کە گۆیا لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەرەتانی دیالۆگ و دەست‌وێڕاگەیشتن بە بەشێک لە مافەکانی کورد و ئازادیخوازانی ئێران هەیە؟!

لەو بارەوە پێویست بە ئاماژەیە کە دیالوگ ڕێگا چارەیەکی گونجاوی کێشە سیاسییەکانە، خۆزگە لە ئێران ڕێژیمێک لەسەرکار بایە کە کێشەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکی ئێران و کوردستان لەم ڕێگاوە چارەسەر کردبا، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران کە داخوازە دێموکراتیک و مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لەگەڵ نێوەڕۆکی دواکەوتووانەی لە ناتەبایی‌دایە، ئەگەر بڵێی وتووێژ دەکەم لەسەر کام مەسەلە دەیکا کە باوەڕی پێی هەبێ؟! جگە لەوە تاقیکاریی کورد و بزووتنەوەی کوردستان نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چەمکەش وەک پیلانێک کەڵک وەردەگرێ، نەک وەک ڕێگا چارەیەک. بەگشتی ئەوەی لەم چەند مانگەی دواییدا لە ئاست لایەنەکانی بزووتنەوەی کورد و ماف و ئازادییەکانی کورد لە زار و زمانی لایەنێکی دیار دێتەدەر کە گوایە دژبەری کۆماری ئیسلامییە و هەوڵ دەدرێ بەلای بەرژەوەندیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە زیانی بزووتنەوەی کورد و چاندنی تۆوی ناهۆمیدی لە نێو خەڵکی کورددا بیشکێنێتەوە، شتێکە کە نابێ و ناکرێ هیچ ڕۆڵەیەکی کوردی وەفادار بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەرانبەری بێ هەڵوێست و بێ تەفاوەت بێ و لەقاودانی ئەو بەناو گوفتومانە دەکەوێتە سەرشانی هەموومان، چوونکە درێژەی ئەو باس و بابەتە کە ئاماژەی پێ کراوە، دەڕواتە خانەی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم و زیان گەیاندن بە خەباتی نەتەوەی کورد و کەلێن خستنە ناو ڕیزەکانی خەڵک و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان. لە هەمان کاتدا هیوادارین ئەوانەی هەڵگری ئەو بیرۆکە و پەرەپێدەر و پاساوهێنەری ئەو پیلانەن، لە ڕووی نائاگایی و لێکدانەوەی نادرووستەوە لەو داوە کەوتوون، وەخۆ بێنەوە، بەخۆدابچنەوە و ڕێگای خۆیان لە ڕێبازی خەبات و بەرژەوەندییەکانی کورد لەوە زیاتر هەتڵە نەکەن.

سەرکەوتوو بێ خەباتی ڕەوای کورد لە پێناو وەدەست هێنانی ماف و ئازادییەکانی‌دا

پتەوتر بێ ئیرادەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ درێژەی خەبات و خۆڕاگری

بڕووخێ کۆماری دژە کورد و دژە ئازادیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٤ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی