کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی پەیامی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە چیاکانی کوردستان

13:33 - 28 سەرماوەز 2718

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

پێشمەرگە قارەمان و شۆڕشگێڕ و لەخۆبوردووەکانی کوردستان

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمڕۆ لە چیا سەربەرزەکانی کوردستان، لەگەڵ پێشمەرگەی خەباتکاری شاخ پیرۆزبایی ٢٦ی سەرماوەزتان لێ دەکەین.

رۆژی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، رۆژی وەبیرهێنانەوە و قامک لەسەردانانی تایبەتمەندییەکانی پێشمەرگە و رۆژی رێزگرتن لە فیداکاری و خۆبەختکردنی رۆڵە تێکۆشەر و خەباتگێڕەکانی نەتەوەکەمانە، رۆژی ئەو ڕۆڵە شۆڕشگێڕ و گیان لەسەردەستانەیە کە سەنگەرەکانی خۆیان دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی پەت و سێدارەی رێژیم لەم هەلومەرجانەدا پاراست؛ ئەم قارەمانانە بوون، چەمکی گۆڕانکاری و راسانیان کردە مەشخەڵی جووڵانەوەی نوێ، پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە هەموو خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەکانی کوردستان بەگشتی و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی دەکەین، پیرۆزبایی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان و بنەماڵەی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین کە بە ناردنی کچ وکوڕەکانیان بۆ ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان بە سەربەرزانە هەنگاوەکانیان بۆ رزگاری گەلەکەمان بەرەو سەرکەوتن هەڵدەگرن و بە بڕشتەوە، قایم و بەهێز بەرەو سەرکەوتن بەڕێوەن.

بۆ ئەو کەسانەی کە ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لە دوورەوە پێ ئاشنان دەبن، سیمای چەکدارێکیان بۆ پێناسە دەکرێ، ئایا پێشمەرگە تەنیا مروڤێکی چەکدارە؟ پێشمەرگە خەباتکارێکی بە بیر و باوەڕ و مروڤێکی سیاسییە کە بۆ رزگاری گەلەکەی لە چنگ دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و پاوانخوازی خەبات دەکات، لە دونیای ئەمڕۆدا چەند جۆر شەڕی چەکداری بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە سەر گەلاندا سەپاوە و ناوی جۆراوجۆر لە سەر چەکدارەکان دانراوە، بەڵام پێشمەرگە رۆڵەیەکی بە بیر و باوەڕی گەلی کوردە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەلەکەی تێدەکۆشێ و بۆ رزگارکردنی نەتەوەکەی لە هەموو شێوەکانی خەبات کەڵک وەردەگرێ کە یەک لەوان خەباتی چەکداری و بەرگری چەکدارانەیە، ئەگەر لە وڵاتانی دیکە بۆ پارێزگاری لە خۆیان لە رێگای ئیمکانات و دامەزراندن، هێزی چەکدار کۆ دەکەنەوە بەڵام پێشمەرگە بەپێچەوانەی ئەوە بێ‌بەرانبەر بۆ ئامانجی گەلەکەی دەستی داوەتە چەک، ئەگەر ئەوان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆیان خەڵک چەکدار دەکەن، پێشمەرگە بۆ روخاندنی دامودەزگای دیکتاتۆری دەستی داوەتە چەک و خەبات بۆ رزگاری گەلەکەی دەکا.

ئەگەر لە زۆربەی وڵاتان، هێزی نیزامی تەنیا کاری نیزامی دەکات، پێشمەرگە مروڤێکی سیاسییە و بەدوای ئامانجی خۆیدا دەڕوا، پێشمەرگە ئەو رۆڵە چاونەترسە سیاسییەیە کە بۆ پاراستنی کەرامەتی مروڤایەتی بۆ سەقامگیری دێموکراسی و مافی مرۆڤ و بەرگری لە چەوساندنەوەی مرۆڤەکان خەبات دەکات.

بۆ رۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک رۆژی پێشمەرگە دیاری کراوە؟ ئەگەر بە قووڵی  بیر لە پێشمەرگە بکەینەوە دەبێ هەموو رۆژێکی ساڵ، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان بێت، بەڵام لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا هێزی چەکداری کورد دوایین ئاسەواری رێژیمی پاشایەتیان لە شارەوانی مەهاباد تێکەوە پێچا و خەڵکی ئەم دەڤەرە زەمینەی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی بۆ ئامادە بوو.

هیزێک کە دواتر نازناوی پێشمەرگەی پێ بەخشرا، بوو بە سوپای میللی کوردستان و ئاڵای کوردستان لەم رۆژەدا هەڵکرا و لە ١٣٢٤ ی هەتاوی دوایین ئاسەواری دەسەڵاتی پەهلەوی پاک کرایەوە، لە ساڵی ١٣٦٣ لە پلینۆمێکدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و دانەری ناوی پیرۆزی پێشمەرگە ئەم رۆژەی وەک رۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کرد.

سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێنەری یەکەم کۆماری کوردستان و ئاڵاهەڵگری یەکەم ئاڵای کوردستان و دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

هاوڕێیانی هێژا لە سەرەتای پێکهاتنی هێزی پێشمەرگە هەتا ئێستا خەبات و تێکۆشانی ئەم هێزە لەخۆبوردووە چەندین قۆناغ و گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە هەم لە کوردستانی رۆژهەڵات و هەم لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کە نازناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان بۆ خەباتکارانی رزگاری گەلەکەمان هەڵبژارد؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرگە لە سەرەتای پێکهاتنی شانازییەکانی کۆماری کوردستان تا ساڵەکانی ٤٦- ٤٧ و هەروەها بەشداری چالاکانە لە ساڵی ٥٧ بۆ رووخانی رێژیمی پاشایەتی و رزگارکرانی کوردستان بۆ ماوەیەک لەو قۆناغەدا لە چنگ کۆنەپەرەستی و فاشیزم(دیکتاتۆری) هەروەها لە ساڵی ٥٧ تا هەنووکە خۆی بە یەک شێوە خەباتەوە قەتیس نەکردووە و لە هەموو شێوازەکانی خەبات بۆ ئازادی و رزگاری گەلەکەمان کەڵکی وەرگرتووە.

لە باشووری کوردستان پێشمەرگە بوو بە یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی رزگاری کوردستان لە عێراق و ئێستاش لە هەرێمی کوردستان پارێزەری ماف و کەرامەتی خەڵکی کوردستانە، ناوی پیرۆزی پێشمەرگە وەک شۆڕشگێڕێکی مروڤتەوەر و پارێزەری ماف و کەرامەتی مرۆڤ لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا دەدرەوشێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی بەپرەنسیپ و بەرپرس بۆ پاراستنی ئەخلاق لە سیاسەتدا، لە هەلومەرجە جیاوازەکاندا، رۆڵی کاریگەری لە پێشخستنی خەباتی نەتەوایەتی نەتەوەکەماندا هەبووە و هەنووکە دابینکردنی مافی نەتەوەیی، نەتەوەکەمان لە چوارچێوەی ئیستراتیژیکی دێموکراتیک و فیدراڵ دەبینێتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی هەنووکەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییەکانی ناوچە، حیزبی ئێمە بارودۆخی ناوچەی لێک داوەتەوە و لە بەهاری ساڵی ٩٤ پڕۆژەی نوێ بۆ خەبات و تێکۆشانی رۆڵە شۆڕشگێڕەکانی گەلەکەمان بە ناوی "ڕاسان"ی خستە بەر باس و راسان بوو بە پڕۆسەی رزگاریدەر و تەمومژی راوەستانی خەبات لە رۆژهەڵاتی رەواندەوە کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بوو. پۆل پۆل لاوانی خوێنگەرم و شۆڕشگێڕی کوردستان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بۆ بەهێزکردنی شۆڕش و گۆڕانکاری روویان کردە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان و قۆناغی نوێی خەبات و تێکۆشان لە بوارە جوراوجۆرەکان دەستی پێکرد، خەڵکی کوردستان کە لەدەست زوڵم و زۆر و پەت وسێدارەی رێژیم وەزاڵەهاتوون، پێشوازییەکی زۆر گەرم و گوڕ و بەرینیان لەو گۆڕانکارییە لە تاکتیکی ئەم خەباتە کرد، باوەشێکی ئاوەڵەیان بۆ ئەم پڕۆژەیەی پێشمەرگە بە گرمی کردەوە و جارێکی دیکە لە نێزیکەوە پێشمەرگەیان لە ئامێز گرت و خەڵک و پێشمەرگە دەس لەملان بە یەک شاد بوونەوە؛ راسان بوو بە پردی سەرکەوتنی قۆناغی نوێی خەبات وتێکۆشان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی شار و شاخ، شار چەقی خەباتە، پەیامی لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزی ٩٤ کە لەوێدا باسی خەباتی شار و شاخی کردووە، گۆڕانکاری لە داهاتووی کوردستان تەنانەت ئێرانیش بە هەموو پێوانەیەک لە شارەکاندا دەست پێدەکات.

ئەگەر بە کورتی ئاوڕێک لە قۆناغی خەباتی ئەم چەند ساڵەی رابردوو بدەینەوە، بەو ئاراستەیە دەچین کە پاش ئەوەی شارەکانمان لە جەریانی هێرشی رێژیم بۆ شارەکان لە دەست دا و خەبات بەرەو گوندەکان و دوایی شاخەکان هەڵکشا، ئێمەی پێشمەرگە زۆرتر لەگەڵ خەباتی شاخ ئاشنا و شارەزا بووین، رێژیم شارەکانی بە هێزی نیزامی میلیتاریزە کرد؛ ئێمەش بایەخمان بەو راستییە و ئەسڵە نەدا کە بەڕاستی شارەکان دەبێ چەقی خەبات بن هەر بۆیە پێویستە لە ناوەندی شارەکانەوە، بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن وەڕێخەین.

ئێمە لەم قۆناغەی خەباتی هەنوکەییەی خۆمان هێشتا خەباتی چەکداریمان دەست پێنەکردووە ئەوەی ئێستا بەرچاو دەکەوێ حووزوری چەکداری ئێمە لە ناو کۆمەڵانی خەڵک و خۆڕێکخستنە بۆ خەباتی هەمەلایەنە کە بە هاوکاری گەلانی ئێران بەمەبەستی روخانی رێژیم و رەخساندنی هەلی گونجاو بۆ دابین بوونی مافەکانمان کار دەکەین.

پێشمەرگە لە کوردستان باسکی بە هێزی گەلە، پۆتانسیەلی هەموو شێوەکانی خەباتی تێدا بەدی دەکرێ، رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجی ئێستادا لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی هەروەها ناوخۆیی خودی رێژیم لە وەزعێکی زۆر نالەبار و بێ سەرەوبەرەیی و بێ سەباتیدایە، لە نێو کۆمەڵگای جیهانیدا هیچ چەشنە ئیعتبارێکی نەماوە بە هۆی کردەوە تیرۆریستیەکانییەوە و دخاڵەت لە کاروباری وڵاتانی جیهان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک پێشێلکەری مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا ناسراوە.

هەموو کۆڵەکەکانی سەقامگیری ئەو وڵاتە زۆر سست و لاواز بوون، ئیدی تەنیا پێویستی بە پاڵپێوەنانێکی هەمەلایەنە هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆپوزسیۆنی فەعال و یەکگرتوو دەتوانێ گەلانی ئێران لە چەنگ ئەم رێژیمە رزگار بکات، ئێمە وەک کورد لەگەڵ ئەوەی پێویستمان بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی هەیە، هەر لەو کاتەدا پێویستە لەگەڵ باقی گەلانی ئێران بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤێکی رووخێنەر لەگەڵ باقی گەلانی دیکەی ئێران کار بکەین، ئەرکی پاراستنی نیشتمانی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان، پێشمەرگە زیاتر لە هەر کات وەک خۆشەویستترین رۆڵەی کورد لە لووتکە هێشتووەتەوە و روون و ئاشکراشە بەپێی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و بارودۆخی ناوچە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەئییدی سیاسەت و  هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو قۆناغەکاندا کردووە.

لەو رۆژە پیرۆزەدا جێی خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان بە تایبەت سڵاو بۆ شەهیدانی نەمری گەلەکەمان کە گیانی خۆیان لە رێگای ئامانجەکانی گەل بەخت کرد.

شەهیدانی راسان لە قۆناغی نوێی خەباتی گەلەکەمان چرای رووناکی و پیشاندەری خەباتی شار و شاخن، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی راسان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان،

ئەو خەباتە ئێستا بووەتە کۆسپی گەورە بۆ دیکتاتۆرانی تاران و رێژیمی بێزار کردووە، خەباتی راسان و پڕۆژە و بەرنامەی راسانە هەر بەو بەرنامەوە  بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆسەیە هەموو لایەک پابەند بە خوێنی شەهیدان و رێبازی پیرۆزیان تا سەرکەوتن بە سەر دوژمنان بەردەوام دەکا.

ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبینە هەوینی قۆناغی پراکتیکی ئەو هێزە شوێندانەرە کە لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستە هەنگاوێک بێت بۆ زیاتر لەرزۆک‌کردن و بەچۆکداهێنانی رێژیم، داوا لە خەڵکی کوردستان بە تایبەت لاوانی خوێنگەرمی کوردستان دەکەین بە هاتنە ریزی پێشمەرگە رووخانی رێژیم نیزیکتر بکەنەوە و سەنگەری شەهیدان پڕ کەنەوە و قایم و پتەوتریان بکەن، داوا لە هەموو دڵسۆزانی گەلی کورد بە تایبەت ئەو کادر و پێشمەرگە شۆڕشگێڕانە کە ساڵانێ لە ریزی خەبات شەونخونییان بۆ رزگاری کوردستان کێشاوە و ئێستا بە هەر هۆیەک لە هەندەران گیرساونەتەوە بە هەر شێوەیەک پێیان دەکرێ هاوکار و پاڵپشتمان بن، داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان دەکەین بە هەر شێوەیەک پێیان دەکرێ پاڵپشتی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەن.

سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و سەرشۆڕی و رووخان بۆ دوژمنانی گەلی کورد

سەرکەوتن بۆ هێزی شۆڕشگێڕ و رووخان بۆ دیکتاتورە خوێنرێژ و چەوسێنەرەکانی وڵاتەکەمان

سەرکەوێ جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان

بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاڵاهەڵگری رزگاریخوازی گەلی کورد

بژی هێزی پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەل

بڕووخێ رێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی