کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی گەڵاڵەی پێشنیاركراوی تەیموور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ چاكسازی لە ساختاری حیزبدا

15:51 - 19 بانەمەڕ 2717

لە بەرەبەری كۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا، حیزبەكەمان لە بەردەم قۆناغێكی مێژوویی چارەنووسسازدایە و دەرفەتەكان و هەڕەشەكانی سەر ڕێگا و خێرایی ڕەوتی ئاڵوگۆڕەكانی پێوەندیدار بە چارەنووسی نەتەوەكەمان بە تایبەتی لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، پێویستی بەخۆداچوونەوە و ئاڵوگۆڕ لە پێكهاتەی حیزبدا زیاتر لە هەمیشە دەخاتە پێش چاوی ئێمە ئەندامان و تێكۆشەرانی حیزب و دڵسۆزانی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموكراتیكی كوردستانی ڕۆژهەڵات.

بە دەستپێكردنی قۆناغی نوێی خەباتی حیزب و هەڵگرتنی گوتاری پێكەوەگرێدانی خەباتی شاخ و شار كە بە ڕاسان ناوی دەركردووە، لە ڕەوتی ڕاپەڕاندنی كاروبارەكاندا هێندێك كێشە و كەموكوڕی خۆیان دەرخست كە بەشێكیان پێوەندییان بە پێكهاتە و سیستمی حیزبەوە هەیە و دەبنە هۆی ئەوەی كە سەرەڕای هەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزانەی هەموو كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە تێكۆشەرەكەمان، نەتوانین وەك پێویست وەڵامدەری چاوەڕوانییەكانی خەڵك و پێشبینییەكانی خۆمان بین.

هەر بۆیە بە سەرنجدان بەو ئەزموونانە و لە بەرچاوگرتنی ئەو كەموكۆڕییانەی كە لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان لەو ماوەیەدا بۆمان هاتوونەتە پێش و بە مەبەستی نەهێشتنی كۆسپ و لەمپەرەكانی سەر ڕێگای چالاكیی بەربڵاوتر و شوێندانەرتری حیزبەكەمان، بە پێویستم زانی ڕاوبۆچوونی خۆم وەكوو پێشنیار و ڕێكارێك بۆ دەربازبوون لەو كەندوكۆسپە سیستماتیكانە، لە دووتوێی گەڵاڵەیەكدا بخەمە ڕوو.

لەم گەڵاڵەیەدا هەوڵ دراوە بۆ درووستبوونی بڕیار كەڵك لە زۆرترین تواناكان وەربگیرێت، چوونكە ئەگەر بڕیارێك بە بەشداریی ژمارەیەكی زیاتر دەر بچێت، بێگومان هەم هەستی بەرپرسیارێتی لە نێو حیزبدا بە هۆی بەشداریی زۆرتری خەڵك زیاتر دەكات و هەم بابەتەكان زیاتر تاوتوێ دەكرێن و وردبینیی زیاتر لە دەركردنی بڕیاردا دەبێت.

هیوادارم دڵسۆزانی حیزب و بزووتنەوە ڕەواكەمان بە ناردنی بۆچوون و ڕەخنە و ڕێنوێنییەكانیان لەم پێوەندییەدا یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی كە بتوانین گەڵاڵەكە دەوڵەمەندتر بكەین و ئەو بۆشایی و كەلێنانەی كاروباری حیزب كە بە نەزەری ئەوان دەگات و لەوانەیە لەم گەڵاڵەیەدا لە بیر كرابن، پڕ بكرێنەوە و هەموومان بە گەڵاڵەیەكی هاوبەش و تۆكمەوە بتوانین لە كۆنگرەی داهاتووی حیزبەكەماندا هەنگاوی كردەكی بۆ بەرەوپێشچوون و سەركەوتنی خەباتەكەمان هەڵبگرین.

بۆ داگرتنی دەقی گەڵاڵەکە کلیک بکە:
دەقی گەڵاڵەی پێشنیاركراوی تەیموور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ چاكسازی لە ساختاری حیزبدا