کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بەهۆی قەرزدارییەوە چەند کاناڵی لەدەست داوە

13:12 - 1 پووشپەڕ 2720

چەندین کاناڵی ماهوارەیی ڕێژیمی ئێران بەهۆی قەرزداریی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بە شێوەی تەواو و نیوە تەواو داخران.

ماهوارەی "گالکسی ١٩" داخستنی کاناڵە تێلێڤیزیۆنییەکانی "پرێس تی.ڤی" و "ئای فیلمـ"ـی ئینگلیزی دەست پێکردووە.

هەواڵدەرییەکی خودی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، پشتڕاستی کردووەتەوە کە بە وتەی پەیوەندییە گشتییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، داخرانی بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی دوو کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی "پرێس تی.ڤی" و "ئای فیلمـ"ـی ئینگلیزی دەستی پێکردووە.

هەندێک لە ماهوارەکان وەک "پاکست"، کاناڵی ئوردووی تێلیڤزیۆنی سەحەری هەر لە سەرەتاوە بە شێوەی ٢٤ کاتژمێرە داخست.

بە سەرنجدان بەوەی کە ماهوارەی "پاکست"، هەڕەشەی لە "ئای فیلمـ"ـی ئینگلیزی کردبوو کە لە ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانەوە ئەو کاناڵە دادەخات، بەڵام هەتا ئێستا داینەخستووە، بەڵام لە ئەگەری نەدانەوەی قەرزەکاندا "پاکستـ"ـیش وەک "گالکسی ١٩"، ئەو کاناڵە بیانییە دادەخات.

سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونەکان و دانووستاندن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پێدانەوەی قەرزەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بە ئەو ماهوارەیە، گالکسی ١٩ جاری یەکەم بە ماوەی یەک کاتژمێر و جاری دووهەمیش بە ماوەی ٣ کاتژمیر وەشانی ئەو کاناڵەی ڕاگرت.

هەواڵدەرییەکی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم و بەڕێوبەریی دەرەوەی سنوور بوودجەی پێویست بۆ دانەوەی قەرزەکان دابین ناکەن.

بوودجەی پێشنیاریی دەوڵەت بەپێی ڕەشنووسی بوودجەی ساڵی ٩٩ بۆ ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بەنیسبەت ساڵی پێشووەوە کەمتر کراوەتەوە.