کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدانەوەی هەواڵی مانگرتنی گشتیی کوردستان لە میدیا جیهانییەکاندا

12:52 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندە هەواڵدەری و میدیا جیهانییەکان، بە  گرینگییەوە باسیان لە مانگرتنی گشتیی کوردستان کرد.

زۆرێک لە هەواڵدەری و میدیا جیهانییەکان لە ڕاپۆرت و هەواڵی جیاجیادا باسیان لە دەنگدانەوەی مانگرتنی گشتیی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرماناندا کرد.

ئەم هەواڵدەری و میدیایانە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تویتگەلێک کە لە لایەن خەڵکەوە بۆیان بەڕێ کراوە، پرژانە سەر دەنگدانەوەی ئەم مانگرتنانە لە لاپەڕە فەرمییەکانیان، کە دتوانرێت وەک نموونە ئاماژە بە: هەواڵدەرییەکانی دەنگی ئامریکا، بی‌بی‌سی، ڕادیو زەمانە، ڕادیۆ فەردا، دویچەولە، کەیهانی لەندەن و... بکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان بە پیریی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هاتن و لە مانگرتنێکی گشتیدا لە شارەکانی کوردستان بە مەبەستی دووبارە "نا" وتن بە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران، لە ژێر دروشمی کەمپەینی "لە ماڵ نایەمە دەر هەتا کەرامەتی نەتەوەییم بپارێزم"  مانیان گرت.

خەڵکی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن‌پەناهی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج و هاوکات چەند کاتژمێر دواتر هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگا و کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کە  شەهیدبوونی ١٥ کەس و برینداربوونی، لانیکەم ٤٠ کەسی لێ کەوتەوە، بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و هەروەها نەڕۆیشتنەدەر لە ماڵەکانیان، دەستیان بە مانگرتنی گشتی کرد.

مانگرتنی گشتیی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە، ناڕەزایەتیدەربڕینێک بوو لەهەمبەر بارودۆخی هەنووکەیی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران و نا وتنی دووبارە بە حاکمیەتی ئەم ڕێژیمە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، کە تەنانەت لەگەڵ گوشارەکانی ڕێژیم و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی بۆ کردنەوەی دووکانەکان و شکاندنی مانگرتنەکەیان، ئیرادەی پتەوی نەتەوەی کورد سەرکەوتوو بوو.