کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدانەوەی چالاکیی پێشمەرگە لە ڕۆژنامەکانی وڵاتی نۆروێژ

17:04 - 24 خاکەلێوه 2721

ڕۆژنامەی "ئوتروپ" کە بە یەکەم ڕۆژنامەی کولتووری و پڕخوێنەر لە وڵاتی نۆروێژ دەناسێندرێت و چالاکییەکانی لە وڵاتی نۆروێژ له ڕێگەی تی ڤی و ماڵپەڕی ئینتێرنێتی و چاپی ڕۆژنامە بڵاو دەبێتەوە و خاوەنی نزیکەی ٣٠٠٠٠ لایەنگرە لە فەیسبوک، وتارێکی لەسەر نەورۆزی کوردەواری و مانای نەورۆز و شێوازی بەڕێوەبردنی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە.

لە درێژەدا بە کەڵکوەرگرتن لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا وەک سەرچاوە، ئاماژەی بەوە داوە کە نەورۆزی ئەوساڵ جیاوازتر لە ساڵەکانی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەنگ و بۆنێکی دیکەی هەبووە، ئەویش بە هۆکاری چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چەندین شار و ناوچەی کوردستان بووە.

لە وتارەکەدا ئاماژە بە زەبر و زەنگی ڕێژیم کراوە لە گرتن و دەسبەسەرکردنی لاوانی کوردستان لە ڕۆژانی دواتری نەورۆز کە لە بۆنە نەورۆزییەکاندا بەشدار بوونە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکە بە تێروتەسەلی پڕژاوەتە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات. ڕاسان وەک پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی خەباتی شوناسخوازانەی کورد پێناسە کراوە کە ئامانجی بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامییە لە پلەی یەکەم و دواتر ڕێکخستنی خەباتی شار و بە‌هێزکردنی شاخ وەک پاڵپشتی سەرەکیی هێزی شار.

لە وتارەکەدا باس لە ڕاسان وەک پرۆژەیەک کراوە کە ئامانجی بە چالێنج کێشانی سیستەمی دەسەڵات لە سەد ساڵی ڕابردووە لەژێر حوکمڕانیی دوو دیکتاتۆری شاهەنشا و ڕێژیمی مەلاکان. هەروەها هاتووە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و زیاتر لە ٦٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لە نەتەوە چەوساوەکانی غەیری فارس پێک هاتووە. فارس وەک تەنیا نەتەوەی سەردەست هەموو نەتەوەکانی تری لە سەرەتاییترین ماف بێبەش کردووه و ئیزنی بە دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ باقیی نەتەوەکانی تر نە لە کاتی ئێستا و نە لە ڕێژیمی پێشوودا نەداوە.

هەر بەو شێوەیە و هەر بەو ناوەڕۆکەوە ڕۆژنامەی "ڕادیکاڵ پۆرتاڵـ"ـی نۆروێژی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر نەورۆز و چالاکیی پێشمەرگە لە نەورۆز لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە بە چەند وێنەیەک لە هەڵکردنی ئاگری نەوروز و کچانی جامانە بەسەر ڕازێندراوەتەوە و لە کۆتاییشدا فیلمی چالاکیی پێشمەرگەی بە ڕاپۆرتەکە لکێندراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەو دوو بابەتە لە مێدیای نۆروێژیدا بوو بە جێگای سەرنج و باس و خواسی خوێنەرانی نۆروێژی و پاڵپشتیی ئەوان لە خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات.