کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگوڕەنگی ڕێژیم سەکۆی بێڕێزییە

14:01 - 13 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی  کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکی دیکەدا لە دەنگوڕەنگی خۆیدا کە زیاتر زۆڕناژەنی دەسەڵاتە بێڕێزی بە نەتەوەی کورد کرد.

لە نوێترین دەرهێنانی سینەمای ڕێژیمی ئێراندا کۆمەڵێک مۆرەی دەستنیشاندەی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سووکایەتی بە دابونەریت، کلتوور و مێژووی کورد فیلمێکیان لەژێر ناوی " ن.خ" دروست کردووە.

لە فیلمی " ن.خ"دا ڕێژیم وا پێشان دەدات کە نەتەوەی کورد هیچ پێشکەوتوو نییە و خەڵکێکی چەقبەستوون کە لە دابونەریتی زۆر دواکەوتووانەدا ماونەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، "ئاسۆ جەودەت" کارناسی ئەرشەدی سینەما سەبارەت بەو فیلمە نووسیویەتی: "ئەوەی ئێمە لەو فیلمەدا دەیبینین لە ڕاستیدا نە ئێمە ئەوانین نە ئەوان ئێمەن".

جەودەت باسی لەوە کردووە: "ئەو فیلمە سریاڵێکی پووچ، بێمانا و بێبنەما، ئیدئۆلۆژیک و پڕە لە بیروبۆچوونی  چەقبەستوویانە".

ئەو فیلمە ئیدئۆلۆژیکه تەنیا خاڵی کردنی عۆقدەی دەرهێنەرانی ئەو فیلمەیە کە بە نیسبەت ڕاستییەکان چاوی خۆیان بەستووە و حاشا لە ڕاستییەکان دەکەن.

ئەو کارناسەی سینەما لەبارەی بێبنەمابوون و ئیدئۆلۆژیکبوونی ئەو فیلمە دەڵێت: "لە کوێی دنیا دیوتانە باوک و کچێکی کورد خەڵکی یەک شوێن و دێهات بە فارسی لەگەڵ یەکتری قسان بکەن؟؟" ئەسلەن سەعید ئاقاخانی دەرهێنەری ئەو فیلمە سەبارەت به لیباس و دنیای مووسیقیی کوردی چی دەزانێت؟

دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژی نەتەوەکانی ئێران بە شێوەیەکی نەهادینەکراو کار دەکات و هیچ ئەخلاقێکی میدیایی بەرچاو ناگرێت.

دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران کە زوڕناژەنی دەسەڵاتی ڕێژیمە و جیا له بیرۆکەی دواکەوتووانە و چەقبەستوو و بڵاوکردنەوەی بیری ئیدئۆلۆژیک، هیچ بەرنامەیەکی دیکە بڵاو ناکاتەوە و لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانیدا سووکایەتی و بێڕێزی بە نەتەوەکانی ئێران دەکات.

دیاردەی هەڵاواردن بە نیسبەت نەتەوەکانی ئێران، لە لایەن ڕێژیمی فاشیستی و نەتەوەی باڵادەستی ئێران پرسێکی نوێ نییە و بەردەوام بۆ سووکایەتی پێکردن و بە ئامانجی کەم‌بایەخ پیشاندانی کلتووری نەتەوەکان و لە کۆتاییشدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەکان کەڵکی لێوەرگیراوە.