کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران تەحریم دەکرێت

18:07 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کۆشکی سپیی ئامریکا، لە هەوڵدایە لە ڕێگای کۆکردنەوەی واژۆ ڕێکخراوی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران تەحریم بکات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، کە لە ساڵڕۆژی چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، خولێکی دیکە گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند دەکات.

زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەو گەمارۆوە ئابوورییانه زۆر گرینگ و کاریگەر دەبن.

لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی کۆشکی سپی، ڕاپرسییەکی لە ماڵپەڕی خۆیدا داناوە، کە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران (IRIB) تەحریم بکرێت.

لەو ڕاپرسییەدا هاتووە: کە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران هەواڵی درۆ بە سوودی خۆی بڵاو دەکاتەوە.

هاوکات باس لەوە کردووە، کە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران بە زۆرەملێ دانپێدانان لە زیندانییانی سیاسی وەردەگرێت. هەروەها ئەو ڕێکخراوەی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی خامنەیییە.

لە کۆتاییی ئەو ڕاپرسییەدا هاتووە: دەنگوڕەنگی ڕێژیم ئەرتەشێکی تەبلیغاتیی ڕێژیمە، کە بۆ پەرەپێدان بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران کار دەکات.