کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی تەقینەوەکان لە کوردستان؛ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل لە ئارادایە

11:53 - 26 بەفرانبار 2721

شەوی ڕابردوو چەندین تەقینەوەی بەهێز لە پارێزگاکانی "سنە، کرماشان، ئیلام و هەمەدان" ڕووی داوە؛  بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە لەو بارەوە قسەیان کردووە وتوویانە کە هۆکاری دەنگەکە دیار نییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان دەنگی ئەو تەقینەوانە لە شارەکانی وەکوو "ئیلام، کرماشان، سنە، کامێران، بیجاڕ، جوانڕۆ، پاوە و سەلاسی باوەجانی" و چەندین شاری دیکە بیستراوە.

هەواڵدەریی ''ڕۆکنا'' دوای بیستنی دەنگی تەقینەوە لە "ئەسەد ئاباد"ی هەمەدان نووسیبووی: ''هەتا ئێستا دیار نییە کە سەرچاوە و هۆکاری ئەو دەنگە چی بووە، دەنگەکە بە ڕادەیەک بەهێز بووە کە دەرگا و پەنجەرەی خانوبەرەکان لەرزیوەتەوە و خەڵک لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە".

فەرمانداری شاری ئەسەد ئاباد لەو بارەوە وتوویەتی: ''ئێمە لە حاڵی تاوتوێی ئەو بابەتەین، بەڵام هێشتا ڕاپۆرتێک بە دەستی ئیمە نەگەیشتووە''.

سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە دەنگی ئەو تەقینەوانە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین بنکەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بووە.

لە پێوەندی لەگەڵ دەنگی ئەو تەقینەوانە لە شارەکانی کوردستان، دەزگای ئیتلاعاتیی ئیسرائیل ''موساد'' لە چەند تویتدا ئاماژەی بەم تەقینەوانە کردووە و پێش لەم ڕووداوەش چەند تویتی بە نووسینی''سڵاو؛ لە کوردستان چ باسە'' بڵاو کردەوە و هەر بەدوای ئەم تەقینەوانەش بە نووسینی ''سڵاو کوردستان'' تویتی نوێی بڵاو کردەوە .

دوا بە دوای ئەو تەقینەوانە نێت بڵاکسیش ڕایگەیاند کە ئینتێرنێت لە ئێران تووشی پچڕان بووە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار لە دامەزراوە ناوکی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران تەقینەوە ڕووی داوە کە سەرچاوەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئەو تەقینەوانە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی ڕابردوو ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران چەند میلیارد دۆلاری وەکوو بودجەی نیزامی تەرخان کردووە.