کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی ناڕازیی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بە هیچ کوێ ناگات

16:12 - 27 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان، لە هەمبەر دۆخی نالەباری ژیانیان دەناڵێنن و دەڵێن کە توانای دانەوەی وامیان نییە.

دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزەکەی کرماشاندا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس و لەدەستدانی حاڵ و ماڵی بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو پارێزگایە، سەدان نەهامەتیی دیکە بەرۆکی ئەم خەڵکەی گرتووە و لە مەزیقەی هاویشتوون.

خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەم پارێزگایە، بەهۆی خراپیی دۆخی ژیانیان و جێبەجێنەکردنی وادە و بەڵێنە چەواشەکارانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، نازانن دەنگی خۆیان بە کۆی بگەیەنن.

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان کە پلەی یەکەمیان لە شەڕ، هەژاری، خۆکوژی و... هەیە دوای ئەوەی کە شەڕ، سێڵاو و بومەلەرزەیان تێپەڕاندووە، داوایان ئەوەیە کە وەکوو خەڵکی خاون ماف لەبەر چاو بگیرێن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە میدیاکاندا باس لەوە دەکەن کە خانووە ڕووخاوەکانی بوومەلەرزەلێدراوانمان چاک کردووەتەوە، بەڵام ڕاستییەکان لە زاری خەڵکی لێقەوماوەوە دەردەکەوێت.

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی لەم بارەوە دەڵێت: ''کەس پوولی نییە، خەڵک هیچی نییە، نە کارێک هەیە و نە داهاتێک. ئەم وامانە کە لە لایەن ڕێژیمەوە پێمان دراوە و خانوویەکی نیوەچڵی بۆ دروست کردین، ئێستا توانای دانەوەی ئەم وامانەمان نییە".

ئەم هاووڵاتییە تا ڕادەیەک گوشاری بۆ هاتووە کە دەڵێت: "مەگەر بە جێگای دانەوەی ئەم وامانە زیندانیمان بکەن و بەم شێوەیە حیسابمان لەگەڵ بکرێت".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لەوەی هیچ ئاوڕێکی لە بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان نەداوەتەوە، لەسەر خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایە پڕوپاگەندە و چەواشە بڵاو دەکاتەوە.