کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوا و دەرمان گران بوو

17:52 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران،  بۆ ساڵی داهاتوو بڕیاریان دا کە نرخی دەوا و دەرمان لەسەدا ١٥ گران بێت.

"سەعید نەمەکی''، وەزیری بێهداشتی ڕیژیمی ئێران لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە،  بە هۆی ئەوەیکە ساڵی داهاتوو واتا ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ساڵێكی سەخت و دژوار دەبێت نرخی دەوا و دەرمان لە ساڵی داهاتوو ١٥ لەسەد گران دەبێت.

ناوبراو باسی لەوە کردووە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوە ئەو دۆخە دژوارتر دەبێت.

ناوبراو گوتوویەتی، هەندێک ڕێگامان دۆزیوەتەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکان دەور لێبدەینەوە بۆیە هیچ نیگەرانیی ئەوەمان نییە کە نەتوانین دەوا و دەرمان بۆ نەخۆشەکان لە هەموو بوارێکەوە دابین بکەین.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کرد، ئێمه کێشەی نەخۆشخانە و دابینکردنی تەختی نەخۆشمان لە نەخۆشخانەکاندا هەیە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ لایەنێک بەدواداچوونی ئەو مەسەلەیە ناکات.

بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی سەر رێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە ناتوانێت دەوا و دەرمان دابین بکات.

هاوکات ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڕیاریان داوە کە نرخی دەوا و دەرمان ١٥ لەسەد گران بێت، بەڵام هۆشداریان داوە کە بەشێکی زۆری دەوا و دەرمان لە ئێرانەوە قاچاخ دەکرێت.

لە ئێران هاووڵاتیان بە پێچەوانەی وڵاتانی دیكە نزیک بە ٧٠ لەسەدی تێچووی دەرمانەكان بۆ خۆیان دابینی دەكەن و ئەوەش بووەتە کێشەیەکی زۆر جیدی بۆ خەڵکی ئێران.