ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمێکدا لە ژێر ناوی دەورەی "تایبەت"، دەورەی سەرەتایی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆتایی پێهات.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سانی نیزامیی هێزی پێشمەرگە بۆ بەخێرهاتنی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشی سیاسی و نیزامیدا دەستی پێکرد.
پاشان ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد و دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیێندرا.
دواتر سوێندی نیشتمانی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە خوێندرایەوە. ئەمجارە بە چەند شێوە نمایشی ڕێژەی هێزی پیشمەرگەی کوردستان لە کچانی پێشمەرگە ڕێوڕەسمەکە درێژەی پێ درا.
لە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە کە لە ساڵۆنی کۆبوونەوەکانی حیزبی دێمورات بەڕێوە چوو؛ سەرەتا ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.
پاشان "کاوە بەهرامی"،بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی کۆتاییهاتنی دەورەی سەرەتایی ٢٥٠ی سەرەتای پێشمەرگە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
ناوبراو باسێکی کورتی لەسەر نەریتی ڕێوڕەسمی تایبەتی هەر ٥٠ دەورە و یەکەمین دەورەی کچان لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا، ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوە سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا کرد.
"بەهرامی" لە وتەکانیدا باسی لە مامۆستایان شەهیدان "سەلام عەزیزی"، سەروان "چەکۆ"، "عەلی ئەمینی"، "غەفوور مەهدیزادە"، "سەرکەوت سەمەدی"، "موختار قادر پوور" و "فارووق حەسەن خەیات" کرد.
ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە دانانی "ئیبراهیم ڕەئیسی"، وەک سەرکۆمار لە سیستمی سیاسیی ڕێژیمی ئێراندا کرد.
لە دوای قسەکانی ناوبراو سرودێک لە ژێر ناوی "ئەم هەمی پێشمەرگەینە"، لەلایەن بەشداربووانی دەورە، بە هاوکاریی "کۆڕی هونەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان"، پێشکەش کرا.
دواتر پەیامی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە کورتە باسێک بوو لەسەر مێژووی دامەزراندنی فێرگەی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "موختار سۆهرابی" بەرپرسی فێرگەی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.
دواتر لەلایەن بەشداربووی دەورە "ئەوین قادر زادە پەخشانێک لەژێر ناوی "ئاڵا" خوێندرایەوە.
دواتر ڕاپۆرتی بەڕێوەبەریی دەورەی ٢٥٠ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن "عوبەید مورادی" یەکێک لە مامۆستایانی فێرگە پێشکەش کرا.
پاش ئەو ڕاپۆرتە، کوڕی هونەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گۆرانییەکی پێشکەش کرد.
پەیامی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن بەشداربووی دەورە "سیما شەریفی" خوێندرایەوە.
پاشان پەخشانێک لەنێوخۆی وڵاتەوە لەلایەن تێکۆشەرێک بە ناوی "چریکی پیر" بۆ ئەم ڕێوڕەسمە نێردرابوو کە لەلایەن "ئاسکە حەسەن زادە" پێشکەشکاری ئەو ڕێوڕەسمە پێشکەش کرا.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا بەشێک لەو مامۆستایانەی کە وانەی سیاسییان لە فێرگەدا وتووەتەوە لەلایەن "حەسەن شەرەفی" بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا.
ئەو کەسانەی لەوحی ڕێزلێنانیان لە بەشی سیاسیدا پێشکەش کرا بریتی بوون لە: "هیوا میرزایی، شەهاب خالیدی، فواد خاکی بەیگی، موختار سۆهرابی، حەمدی حوسێنی و محەممەد ساحیبی".
لە بەشی نیزامیدا ئەو کەسانە لەوحی ڕێزلێنانیان پێشكەش کرا بریتی بوون لە: "عوبەید مورادی، هێمن ڕەسووڵ ئابادی، بوداغ بوداغی، فەریاد دروودی، سەروەر مەعرووفی، شۆڕش نەزەری و خەلیل میلان دوودکانلوو".
ئەو لەوحانە لەلایەن "ئەلبۆرز ڕووئین تەن" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە پێشكەشیان کرا.
پاشان لەلایەن "مریەم یووسفی" بەشداربووی پەخشانێک لەژێر ناوی "زادگاه و نیشتمان" بە زاراوەی هەورامی پێشکەش کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ئەو کەسانەی لە دەورەدا لە بەشی تاقیکاریی سیاسی و نیزامی و نەزم و دیسیپلیندا سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو، خەڵات کران.
لە بەشی سیاسی و نیزامیدا "ئەسرین بایزیدی، سومەیە حەمزە نیا و عایشە ڕەسووڵ ئابادی" خەڵات کران و لەلایەن "سدیق دەرویشی" جێگری بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە خەڵاتەکانیان پێ بەخشرا.
لە بەشی نەزم و دیسیپلیندا "مەریم یووسفی، مەرزیە ڕەمەزانی و ئەوین قادر زادە" خەڵات کران و لەلایەن "هیوا میرزایی" سەرپەرەستی دەزگای پەوەردە و لێکۆڵینەوە خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.