کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٣٧ی سەرەتایی پێشمەرگە سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات

17:51 - 18 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دەورەی ٢٣٧ی سەرەتایی پێشمەرگە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات و بەشێکی تر لە کیژان و کوڕانی دەروەستی نیشتمان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان پۆشی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چیاکانی کوردستان، دەورەیەکی دیکەی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات و پۆلێکی دیکە لە لاوانی تێکۆشەری کوردستان پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "فواد خاکی بەیگی" بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات، پەیامی پیرۆزبایی دەستەی کارگێڕی پێشکەش بە بەشداربووانی دەورەکە کرد.

 ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە دۆخی هەنووکەیی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە پێناو پاراستن و بەدیهێنانی ئامانج و بنەماکانی یەکەمین کیانی دێموکراتی کوردی واتە کۆماری کوردستان دامەزراوە، هاوکات باسکی بەهێزی "ڕاسان" واتە خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە گرینگی و نەخش و شوێندانەرییەکانی هێزی پیشمەرگەی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بوونی هێزێکی تۆکمەی لەو چەشنە دەبێتە زامنی زووتر بە ئامانج گەیشتنی گەلەکەمان.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانێک لە ژێر ناوی "ڕاسانی حیزب و گەل" لەلایەن بەشداربوویەکی دەورەوە پێشکەشکرا.

دواتر "خەلیل میلانی" مامۆستای فێرگە، ڕاپۆرتی پەروەردەی فێرگەی پێشکەشکرد.

بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی گۆرانییەکی نیشتمانی لەلایەن بەشداربوویەکی دەورەوە.

 دواتر "ئەمیر پەیامەنی" پەیامی بەشدارانی دەورەی ٢٣٧ی پێشمەرگەی خوێندەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانی "منداڵانی دێموکرات" لەلایەن بەشداربوویەکی دەورەوە پێشکەش کرا.

کۆتابڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە دابەشکردنی خەڵات بەسەر کەسانی سەرکەوتووی  دەورەکە و ئەنجامدانی چەند نمایشێکی نیزامی لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە.