کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٥٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆتایی پێهات

19:23 - 10 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەورەی ٢٥٤ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی حیزبی دێموکرات و میوانان لە فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەشداربووانی دەورە لەژێر بەفرێکی زستانیدا به ئەنجامدانی ڕژەی نیزامی و پیشاندانی ڕاهێنانەکانی خۆیان لە ماوەی دەورەکەدا، ئامادەیی جەستەیی و نیزامیی خۆیان خستە ڕوو.

پاشان "خالید دەروێژە'' ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی بەم بۆنەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە درێژەی ڕێوڕسمەکەدا سروودێک کە کۆڕی هونەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەی کردبوو لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی پەروەردەیی فێرگە لەلایەن "هێمن ڕەسوول ئابادی'' مامۆستای فێرگەوە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی دەورەی ٢٥٤ی سەرەتایی لە لایەن "ئەیووب مەحموودزادە'' بەشداربووی دەورەوە خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا کەسانی سەرکەوتوو لە بەشی سیاسی و نیزامیدا کە پلەی یەکەم هەتا سێهەمیان بەدەست هێنابوو لەلایەن "سەعدی محەممەدی'' فەرماندەی هێزی ١٢٥ خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

ئەو کەسانە بریتی بوون لە "ئەیووب مەحموودزادە، ئەوین ئەحمەدیان و هەدیە گوڵباخیان".

هەروەها "هێرۆ عەزیزی، سەحەر بەهرامی، ئەمیر مەولوودی و زاهیر قەرینە" لە بەشی نەزم و دیسیپلین کەسانی یەکەم هەتا سێهەم بوون و لەلایەن "خاتوون ئەسپەندار" خێزانی شەهید "عوسمان مستەفاپوور" خەڵاتەکانیان پێشكەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گورانییەک کە بە سەرپەرەستیی کۆڕی هونەریی هێزی پێشمەرگەی کورستان ئامادە کرابوو لەلایەن بەشداربووی دەورە "جەماڵ'' کۆتایی پێهات.