کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٣٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان بەڕێوەچوو

17:58 - 6 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: جێژنی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٣٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەورەی ٢٣٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێهات و پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە به خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و هەروەها ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "قاسم کەڵەشی"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتەکانی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی ئەم دەورە ئاوڕێکی لە بارودۆخی سیاسی کوردستان و ئێران دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکاری دڕندەییە بێبەزەییانەکانی رێژیم لە چەند ساڵی ڕابردوودا تەنگەتاوبوونی لە ئەنجامی گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانە.

دواتر سروودێک لە ژێر ناوی "کوردم"، هۆنراوەی بێهزاد قادری بەشداربووی دەورەی ٢٣٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە لایەن بەشداربووانی دەورەکەوە پێشکەش کرا.

له بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕاپۆرتی پەروەردەیی دەورەی ٢٣٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە لایەن "بداغ بداغی" بە نوێنەرایەتی فێرگە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی دەورەی سەرەتایی لە لایەن هاوڕێ "لەیلا دڵپەسەند" پێشکەش کرا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بە سەر کەسانی یەکەم تا سێهەم لە بواری تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکان و نەزم و دیسیپلیندا، خەڵاتگەلێک دابەش کرا.

لە نێواخنی رێوڕەسمەکەدا چەندین شێعر و گۆرانی پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە به ئەنجامدانی چەند نمایشێکی نیزامی لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە کۆتایی پێهات.