کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٥٣ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێ هات

12:13 - 24 خەزەڵوەر 2721

پۆلێکی دیکە لە لاوانی پڕهەست و تێکۆشەری کوردستان، پاش تەواوکردنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دەورەی ٢٥٣ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی بەشێک لە کادر، پێشمەرگە، بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی حیزب لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەشداربووانی دەورە به ئەنجامدانی ڕژەی نیزامی و پیشاندانی ڕاهێنانەکانی خۆیان لە ماوەی دەورەکەدا، ئامادەیی جەستەیی و نیزامیی خۆیان خستە ڕوو.

پاشان ''تاهیر مەحموودی'' ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی بەم بۆنەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە بەڕێوەچوونی ئەم دەورەیە پەیامێکە بۆ ڕێژیمی ئێران کە هەوڵی زۆری دا هێزی پێشمەرگە لەنێو ببات، بەڵام بەدڵنیاییەوە نە سەرکوتوو بوو نە سەرکەتووش دەبێت.

هەروەها ناوبراو لە قسەکانیدا باسێکی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران لە ئاستی نێوخۆ، ناوچەیی و نێونەتەوەیی کرد کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕێژیمی ئێران لاواتر دەبێت و ئەمەی بە قازانجی بزووتنەوەی کورد زانی.

پاشان لەلایەن ەشداربووانی دەورەوە بە سرودێک ڕێورەسمەکە ڕازێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی پەروەردەیی فێرگە لەلایەن ''ئەیووب فەتحوڵڵایی'' مامۆستای فێرگەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسەمەکەدا پەخشانێک لەلایەن ''ئێحسان ڕەستگار'' پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی دەورەی ٢٥٣ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن ''سروە پوور حوسێنی'' بەشداربووی دەورەوە خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا کەسانی سەرکەوتوو لە بەشی سیاسی و نیزامیدا کە پلەی یەکەم هەتا سێهەمیان بەدەست هێنابوو لەلایەن ''ناسر فەتحی'' بەرپرسی بەشی سیاسیی هێزی ١٢٢ خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

ئەو کەسانە بریتی بوون لە "عەلیڕەزا حەنیفی، بەهارە وەیسی و نێعمەت ئەحمەدزادە''.

هەروەها "عەلی بایەزیدزادە، کەمەند ئیبراهیمی و سەمیع عەلایی" لە بەشی نەزم و دیسیپلین کەسانی یەکەم هەتا سێهەم بوون و لەلایەن "ئەیووب فەتحوڵڵایی" خەڵاتەکانیان پێشكەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گورانییەک لەلایەن دوو بەشداربووی دەورە بە ناوەکانی ''نێعمەت و سەمیع'' کۆتایی پێهات.