کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٥٢ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێهات

18:23 - 11 رەزبەر 2721

دەورەی ٢٥٢ی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێهات و ژمارەیەک لە لاوانی نیشتمان پێکهاتوو لە کیژان و کوڕان پەیوەست بە ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە چیاکانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێهات و پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندە نیزامییەکان، کادر و پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "موختار سۆهرابی" بەرپرسی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێكی تایبەت بە ڕێوڕەسمی دەورەی ٢٥٢ی سەرەتایی پێشمەرگەی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا ڕاپۆرتی ئامووزشیی دەورەی ٢٥٢ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن "فەریاد دروودی" مامۆستای فێرگە پێشکەش کرا.

پاشان شێعرێک لەژێر ناوی "نیشتمان" لەلایەن "هەژیر" بەشداربووی دەورە پێشکەش کرا و پەیامی دەورەی ٢٥٢ی سەرەتایی لەلایەن "چیاکۆ"  بەشداربووی دەورە خوێندرایەوە.

لە بواری تاقیکاریی سیاسی و نیزامیدا هاوڕێیان "هەژیر تافته، پێشەوا مەحموودی، وەحید ئەحمەدی و چیاکۆ محەممەدی" خەڵات کران. خەڵاتەکان لەلایەن "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەشیان کرا.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵات بەسەر بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە کە لە بواری نەزم و دیسیپلین نێونجیی نمرەکانیان بەدەست هێنابوو دابەش کرا. لە بواری نەزم و دیسیپلیندا هاوڕێیان "عوبەید ڕاش، نەسرین شادی و ئیمان ئازەریان" خەڵات کران. خەڵاتەکان لەلایەن "فەریاد دروودی" یەکێک لە مامۆستایانی فێرگەوە پێشکەشیان کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانییەک لەلایەن هاوڕێیان "ڕێباز و سیامەک" لە بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە، کۆتایی پێهات.