کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٤٤ی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی پێهات

18:30 - 15 رەزبەر 2720

پۆلێکی دیکە لە لاوانی بە هەست و نیشتمانپەروەری کوردستان بە لەبەرکردنی جلی خاکی و هەڵگرتنی چەکی بەرگری لە ماف و کەرامەتی گەلەکەیان، پەیوەست بوون بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی  کوردستانەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، دەورەی ٢٤٤ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و بەرپرسانی سیاسی و نیزامی بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، وێڕای پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەو دەورەیە، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

پاش وتەکانی "مستەفا هیجری"، شێعرێک لەژێر ناوی "کوردستان" لەلایەن هاوڕێ "سەجاد" بەشداربووی دەورەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی پەروەردەیی فێرگە لەلایەن "بداغ بداغی" مامۆستای فێرگەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی دەورەی ٢٤٤ی سەرەتایی پێشمەرگە، بەبۆنەی کۆتایی دەورەوە لەلایەن هاوڕێ "سیمین" بەشداربووی دەورەوە پێشکەش کرا.

وەک نەریتی هەمیشەیی هەموو دەورەیەک، لەو دەورەیەشدا سێ کەسی یەکەم لە بواری تاقیکارییە نیزامی و سیاسییەکانەوە و هەروەها سێ کەسی یەکەم لە بواری نەزم و دیسیپلینەوە لەلایەن بەرپرسانی فێرگەوە خەڵات کران.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا سروودێک لەلایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.