کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٤٩ی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی پێهات

11:52 - 17 جۆزەردان 2721

پۆلێکی دیکە لە لاوانی خوێنگەرم و شۆڕشگێری کوردستان بە پۆشینی جلوبەرگی پێشمەرگانە و هەڵگرتنی چەکی بەرگری لە ماف و کەرامەتی نەتەوەکەیان، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەورەی ٢٤٩ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی بەشێک لە کادر، پێشمەرگە، بەرپرسانی سیاسی و نیزامی بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەشداربووانی دەورە به ئەنجامدانی ڕژەی نیزامی و پیشاندانی ڕاهێنانەکانی خۆیان لەماوەی دەورەکەدا، ئامادەیی جەستەیی و نیزامیی خۆیان خستە ڕوو.

پاشان ''ڕۆستەم جەهانگیری'' بەرپرسی دەزگای چاوەدێریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی بەنیسبەت دۆخی ئێران، کوردستان و ڕۆڵی پێشمەرگە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا پێشکەشی بەشداربووان کرد.

دواتر پەخشانێک لەژێر ناوی ''ڕاپەڕن'' لەلایەن بەشداربووی دەورە ''کاوان بامی'' پێشکەشی بەشداربووان کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی پەروەردەیی فێرگە لەلایەن ''سەروەر مەعرووفی'' مامۆستای فێرگەوە خوێندرایەوە.

پاشان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداربووانی دەورە، سروودێکیان لەژێر ناوی ''مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم'' پێشکەش کرد.

دواتر پەیامی دەورەی ٢٤٩ی سەرەتایی لەلایەن ''شایان محەممەدی'' بەشداربووی دەورەوە پێشکەش کرا.

پاشان گۆرانییەک لەژێر ناوی ''قەندیل'' لەلایەن بەشداربووی دەورەوە بە ناوی ''مەتین'' پێشکەش کرا.

وەک نەریتی کۆتایی هەموو دەورەیەک کەسانی یەکەم تا سێهەم لە بواری تاقیکاریی سیاسی، نیزامی و پاراستنی نەزم و دیسیپلینەوە خەڵات کران.

لە بەشی سیاسی و نیزامیدا، ''شایان محەممەدی''، ''عیرفان پوورحەسەن'' و ''کاوان بامی'' سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو و لەلایەن "قادر مێهفەر" کوڕی شەهید ''لوقمان مێهفەر'' خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

لە بەشی نەزم و دیسیپلیندا ''زاهیر گەرگوولی''، ''محەممەد شەریعەتی'' و ''ساسان ساڵحپوور'' سەرکەوتینان بەدەست هێنابوو و لەلایەن "سەروەر مەعروفی" مامۆستای فێرگەوە، خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

دواتر پەخشانێک لەژێر ناوی ''خوڕاگری'' لەلایەن ''ئێحسان ڕەستگار'' پێشکەشی بەشداربووان کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گورانییەک کە لەلایەن دوو بەشداربووی دەورەوە بە ناوەکانی ''ساسان و حیسام'' پێشکەش کرا، کۆتایی پێهات.