کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٥٦ی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی پێهات

19:49 - 30 بانەمەڕ 2722

پۆلێکی دیکە لە لاوانی بەهەست و شوڕشگێڕی کوردستان بە پۆشینی جلوبەرگی پێشمەرگانە و هەڵگرتنی چەکی بەرگری لە ماف و کەرامەتی نەتەوەکەیان، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و جێژنی دەورەکەیان لە ڕێوەڕەسمێکدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ هەتاوی، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی حیزبی دێموکرات و میوانان لە چیاکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەشداربووانی دەورە به ئەنجامدانی ڕژەی نیزامی و پیشاندانی ڕاهێنانەکانی خۆیان لە ماوەی دەورەکەدا، ئامادەیی جەستەیی و نیزامیی خۆیان خستە ڕوو.

پاشان ''ئیدریس هورموزی'' فەرماندەی هێزی ١٢٩ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەند وتەیەکی بەم بۆنەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی پەروەردەیی فێرگە لەلایەن ''خەلیل میلانی'' مامۆستای فێرگەوە پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداربووانی دەرورە سروودێکیان پێشکەش کرد.

دواتر پەیامی دەورەی ٢٥٦ی سەرەتایی لەلایەن ''ڕۆیا محیەدین زادە'' بەشداربووی دەورەوە خوێندرایەوە.

لەو مەڕاسمەدا کەسانی سەرکەوتوو لە بەشی سیاسی و نیزامیدا کە پلەی یەکەم هەتا سێهەمیان بەدەست هێنابوو، لەلایەن "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە دەرەوی وڵات خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

ئەو کەسانە بریتی بوون لە "شادی سەعیدپوور، ئومید موراد وەیسی، بەشیر حوسێنی''.

هەروەها "فایەق مەرجان، ناسێح قاسم نژاد، محەممەد ڕەسووڵی" لەبەشی نەزم و دیسیپلین کەسانی یەکەم هەتا سێهەم بوون و لەلایەن "غاڵب حەبیبی" بەرپرسی بەشی ئامووزشی دەزگای فەرماندەییەوە خەڵاتەکانیان پێشكەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانییەک کە لەلایەن بەشداربووی دەورە ''ڕەسووڵ عەبدوڵڵا نژاد'' پێشکەش کرا، کۆتایی پێهات.