کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢١٢ی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی پێهات+ وێنە

17:37 - 13 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: دەورەی ٢١٢ی سەرەتایی پێشمەرگە لە رێوڕەسمێکدا لە فێرگەی کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی دەورەی ٢١٢ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان لە چەندین بڕگەی رێژەی نیزامی، شەڕی سەرنێزە، بڕینی مەیدانی مەوانێع و رێوڕەسمی ساڵۆن لە فێرگەی کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزب بەڕێوەچوو.

سەرەتای ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' لەلایەن بەشدارانی دەورەوە و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان بەشدارانی دەورەی ٢١٢ی سەرەتایی پێشمەرگە بە رێژەی نیزامی هێز و توانایی خۆیان لەو بەشەدا کەلە دوو مانگی رابردوو راهێنانیان بۆ کرابوو، دەرخست.

دوای رێژەی نیزامی، بەشداران لە قۆناغی شەڕی سەرنێزە و بڕینی مەیدانی مەوانێعدا لێهاتووی و توانایی خۆیان لە دیفاعی شەخسیدا پیشان دا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا کەلە ساڵۆنی رێوڕەسمەکانی فێرگەی کومیسیۆنی پەروەردە بەڕێوەچوو، \'\'کەیهان یووسفی\'\' ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دەسەڵاتەکانی هەر تاکێک لەمەڕ هەڵبژاردنی هەر رێگایەک لە ژیانیدا و کاریگەریی هەڵبژرادن لەسەر چارەنووسی ئەو تاکە قسەی کرد.

یووسفی هەروەها وتی: \'\'رێبازی دێموکرات وەکوو یەکێک لەو هەڵبژاردنانە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفت بەرەوڕوویە، بەڵام ئیمان و بیر و باەوەڕ بەو رێبازە دژواریی رێگاکە لا دەبات و تاڵییەکانی شیرین دەکات\'\'.

پاشان \'\'غوڵام فاتێحی\'\' هونەرمەندی گۆرانیبێژی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سروودێکی لەژێر ناوی \'\'من پێشمەرگەم\'\' بۆ بەشداران خوێند.

دوابە دوای ئەوە \'\'بەهمەن کەریمی\'\' مامۆستای فێرگە، پەیامی ئامووزشیی دەورەی خوێندەوە و پاشان \'\'جەماڵ فەتحی\'\' یەکێک لە بەشدارانی دەورە بەو بۆنەوە پارچە شیعرێکی پێشکەش کرد.

رێوڕەسمە بە خەڵات کردنی سەرکەوتوانی دەورەی ٢١٢ی سەرەتایی، لە دوو بواری \'\'دەرسەکان و ئەخلاق\'\'دا کۆتایی پێهات.