کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی بەغدا لە بەرانبەر بەرق و گازدا خۆراک بە تاران دەدات

11:54 - 29 جۆزەردان 2720

ساڵی ڕابردوو باس لەوە کرا کە عێراق لە بەرانبەر نەوتدا خۆراک بە ئێران دەدات؛  ئێستا ئەو هەواڵە لەلایەن ڕێژیمی تاران بە فەرمی پشتڕاست کراوەتەوە و تاران بە جیگای قەرزی گاز و بەرق خۆراک لە بەغدا هاوردە دەکات.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی تاران لە دوای سەفەرێک بۆ بەغدا بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنیان لە سەر ئەوە کردووە، دەوڵەتی بەغدا بۆ دانەوەی قەرزەکانی خۆی "خۆراک و دەرمان" بە ئێران بدات.

عێراق بەهۆی هاوردەکردنی بەرق و گاز بە ئێران قەرزدارە و ئێستا "ناسر هیمەتی" سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە کە عێراق بە جێگای قەرزەکەی خۆراک بە ئێران دەدات.

دەوڵەتی عێراق کە خۆی بۆ ماوەی ٨ ساڵ گەمارۆی ئابووری لە سەر بوو؛ بە جێگای نەوت خۆراکی هاوردە دەکرد و یەکێک لە وڵاتانی هاوردەکاری بەرهەمە خۆراکییەکانە.

 هاوردەکردنی خۆراک لە بەرانبەر پارەی گاز، بەرق و نەوتدا دەبێتە هۆی دابەزینی داهاتی دەوڵەت و هەڵوەشانەوەی ئابووریی ولات.

چالاکانی سیاسی باس لەوە دەکەن خۆراک لە بەرانبەر گاز و بەرقدا دەرخەری ئەوەیە کە قسەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت شکستی ئامریکا تەنیا ئیدعایە.

کاربەدەستانی ئامریکایی دەڵێن، ڕێژیمی ئێران لە داهاتێک کە لە ڕێگای فرۆشی نەوت بەدەستی دێنێت، یارمەتی و پشتیوانی ماڵی تێرۆریستان دەکات، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کردووە، کە پێبەندی گەمارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی یارمەتییەکانی تیرۆریستان وشک بکەن".