کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی ترامپ هەتا مانگی ژانویەی ٢٠٢١ گەمارۆی زیاتر دەخاتە سەر ڕێژیمی ئێران

12:43 - 19 خەزەڵوەر 2720

"تی ڤی و ماڵپەڕەکانی ئیسرائیل" ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر لە دووتۆی ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە "دەوڵەتی ترامپ دەیهەوێت لەو ١٠ حەوتوویەی ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا لافاوێکی نوێی گەمارۆ بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە "لافاوی گەمارۆ توند و نوێـیە"کانی ئامریکا بۆسەر ئێران، لە ئاکامی هاوکاریی ئامریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداووە سەرچاوەی دەگرێت.

ئەو دوو سەرچاوەی ئیسرائیل لەو پەیوەندییەدا بڵاویان کردووەتەوە، "ئیلیوت ئابڕامز" نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران و ڤێنێزۆئێلا لە سەفەرێکدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ "بێنیامین نتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و "موئیر بێن شەباب" ڕاویژکاری تەناهیی نەتەوەیی ئیسرائیل دوایین هەوڵیان بەنیسبەت گەمارۆ نوێیەکان دژی ئێران تاوتوێ کردووە.

ئەو گەمارۆیانە پەیوەندیی بە بەرنامەی مووشەکی، یارمەتیی ڕێژیمی ئێران بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤییە لە ئێراندا.