کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی سێبەری خامنەیی

13:03 - 27 گەلاوێژ 2719

میرزانیار

سەرچاوەی ڕەوایەت و یاساییبوونی هەر دەسەڵاتێکی دێموکراتیک خەڵکە، بۆیە سیستم و چوارچێوەیەکی دیکتاتۆر و نادێموکرات کە ڕەوایی خۆی لە خەڵک وەرنەگرتبێت و سەرەڕای هەموو کێشە و کەموکوڕییەکانیشی بیهەوێت درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی بدات دەبێت هەوڵ بۆ دروستکردنی سیستمێکی کۆنتڕۆڵ بدات. سیستمێک کە دیکتاتۆر بتوانێت بە سانایی و هاوکات دۆست و نەیارەکانی کۆنتڕۆڵ بکات؛ واتە لە نێو چوارچێوەی پێکهاتەی دەوڵەتدا، چوارچێوەیەکی شاراوە لە کەسانێکی نزیک و گوێ لەمستی دیکتاتۆر دروست دەکرێت تا دیکتاتۆر بتوانێت لەڕێگەیانەوە دەوڵەت کۆنتڕۆڵ بکات و تەنانەت زۆرجاریش کەسانێک لە نێو ئەو چوارچێوە شاراوەوە بخزێنرێتە نێو چوارچێوەی یاسای دەوڵەت لەڕاستای خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە کەسییەکانی دیکتاتۆر.

خاڵی جێگەی سەرنجی ئەم دەسەڵاتە شاراوەیە فرەڕەهەندبوونیەتی واتە ئەم دەسەڵاتە هاوکات لەگەڵ کۆنتڕۆڵی چوارچێوەی دەوڵەتی، هەوڵ بۆ ئەوەش دەدات کە لە ڕێگای هێزی میدیایی خۆیەوە ڕووخسارێکی دڵخواز لە دیکتاتۆر لەنێو خەڵکدا دروست بکات و بەجۆرێک برەو بەو بیرە بدات کە ناکارامەیی دەوڵەت و گەندەڵی و باری دژواری خەڵکی، دیکتاتۆر لێی بەرپرسیار نییە و لەم ڕێگەشەوە فۆکۆسی ناڕەزاییەتییەکان لەسەر دیکتاتۆر لابدات.

دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی و بەتایبەتیش کەسی یەکەمی ئەو چوارچێوە تۆتالیتارە واتە "عەلی خامنەیی" کەڵک لە سیستمێکی شاراوەی لەم چەشنە وەردەگرێت بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی، بۆیە لێرەدا دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە درابێتەوە کە ئاخۆ ڕێژیمی ئاخوندی بەڕاستی لەلایەن کۆمەڵێک ئاخوند بە عەقڵییەتی سەدە نێوەڕاستی بەڕێوەدەبرێت؟

ڕاپۆرتێکی هەواڵدەری "ڕادیۆ فەردا" بە ناوی "دولت پنهان رهبر" لە ئامادەکردنی "رضا حقیقت نژاد" کە دەیهەوێت تیشک بخاتە سەر بوونی دەسەڵاتێکی شاراوەی لەم چەشنە لە نێو ڕێژیمی ئاخوندیدا لەم بارەیەوە دەنووسێت: "لە دیدارەکانی هەیئەتی نوێنەرانی دەوڵەت لەگەڵ خامنەییدا هەمیشە کەسانێکی کەم ناسراو لە ڕیزی پشتەوەی کورسییەکان دادەنیشن؛ وەکوو ئەوەی کە چاوەدێری وەزیرانی دەوڵەت بن یاخود ڕەقیبیان بن، ئەوان وەزیرانی خامنەیین! دەوڵەتێکی سێبەر کە گرینگترین کاناڵی پێوەندی نێوان خامنەیی و گوتەبێژەکەی و دەرەوەی "بیت رهبری"یە، ئەم دەوڵەتە سێبەرە تەشکیلاتێکی گەورەی چاوەدێری، ئەمنییەتی و ڕاگەیاندنییە کە کوڕەکانی خامنەیی ڕۆڵی میحوەری تێدا دەگێڕن".

ئاشکرایە کە هەبوونی ئەم جۆرە چوارچێوە شاراوانە لە نێو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و تۆتالیتێری ناخەڵکی وەکوو رێژیمی ئاخوندی شتێکی ئاساییە و لە مێژووشدا دەسەڵاتگەلێکی سەرەڕۆی وەکوو سۆڤیەتی سەردەمی ستالین و ئاڵمانی نازیش بۆ قایمکردنی دەسەڵاتی خۆیان هەوڵیان داوە سوود لە چوارچێوەیەکی شاراوە بە دەسەڵاتێکی ڕەهای پۆلیسی وەربگرن. شێوازی کارکردنی ئەم سیستمە بە جۆرێکە کە هەوڵ دەدات لەڕێی بەکارهێنانی تاکتیک و ئیمکاناتە ڕەهاکانی بەردەستی کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک بکات؛ کۆنتڕۆڵێکی فرەڕەهەند و هەمەلایەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.