کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی عێراق هۆشداریی بە میلیشیاکان دا

12:03 - 6 بەفرانبار 2720

"مستەفا ئەلکازمی" سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی بە میلیشیاکان لەو وڵاتەدا داوە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بکات "هەڵوێستێکی چارەنووسساز" دژی میلیشیاکان دەگرێتە بەر.

لە دوای دەسبەسەرکرانی یەکێک لە ئەندامانی گرووپی "عەسائیبی ئەهلی حەق" لەلایەن هێزەکانی عێراق، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە لەبەردەم ڕێکخراوی ئیتلاعاتی عێراق کۆ بوونەتەوە.

میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو ماوەیەدا هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و سیاسییەکانی عێراق چڕتر کردووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا دوکتور "زافر ئەلعانی" ئەندام پارلمانی عێراق ڕایگەیاندووە، هەر مووشەکێکی کاتیۆشا باڵوێزخانەی ئامریکا بکاتە ئامانج، لەلایەن پاسدار "ئیسماعیل قائانی" فەرماندەیی کراوە.

تێرۆریست "قائانی" سەردانی عێراقی کردووە و ئەو ئەندام پارلمانە وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران دەسەڵاتێکی تێکدەرە.

 میلیشیاکانی "عەسائیبی ئەهلی حەق" کە سەر بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانن، له ڕێگای تایفەگەری و پڕوپاگەندەی ئیدئۆلۆژیکەوە شەڕی تێرۆر و کوشتار لە عێراق پەرە پێ‌ دەدەن.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان و هەروەها دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتووەتەوە.