کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی فەڕانسە ئاگاداری دایە بەرپرسانی وڵاتەکەی کە خۆ ببوێرن لە سەردان بۆ ئێران

13:03 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: پاش ساردبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و پاریس، وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاندووە، کە سەردانی بەرپرسان و باڵوێزانی وڵاتەکەی بۆ ئێران بە باش نازانێت.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز ئاشکرای کردووە کە دەوڵەتی فەڕانسە هۆشداری داوەتە دیپلۆمات و باڵوێزەکانی کە بە هۆکارگەلی ئەمنییەتی، هەتاکوو ئەو جێگایەی کە بۆیان دەلوێت سەردانی ئێران نەکەن.

ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە بە دەرکردنی بەخشنامەیەک داوای لە باڵوێز و دیپلۆماتەکانی وڵاتەکەی کردووە، کە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت سەردانی ئێران نەکەن.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز لە سەر ئەو باوەڕەیە کە بە ئەگەری زۆرەوە ئەو داواکارییەی وەزارەتی دەرەوە بۆ هەموو وەزارەت و ئۆرگانەکانی دیکەی وڵاتی فەرانسە نێردرابێت.

ئەگەرچی فەرانسە هەتاکوو ئێستا لایەنگری لە بەرجام کردووە، بەڵام بە هۆی ساردبوونەوەی پێوەندییەکانیان وا پێ دەچێت کە متمانەی تاران بە فەرانسە لاوازتر بووبێت.

لە دوایین پێوەندی تەلەفۆنیدا، حەسەن ڕوحانی داوای لە ئێمانۆئێل ماکرۆن کردبوو تاکوو بە نیسبەت ڕزگار کردنی بەرجام چالاکتر بێت.