کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی "ڕووحانی" توانای هێنانە خوارەوەی نرخی بێکاریی نەبووە

13:38 - 19 خەرمانان 2720

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی "ڕووحانی" نەیتوانیوە نرخی بێکاری بکاتە یەک ژمارەیی و هەر لە ١٠ لەسەددا ڕاوەستاوە.

ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ئەو ٧ ساڵەدا ٢ ملیۆن و ٩٩٧ هەزار و ٢٠٣ کەس چوونەتە نێو بازاڕی کارەوە کە بەو حاڵەشەوە نرخی بیکاری دانەبەزیوە.

بەپێی ئەرکی یاسای بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدان، دابینکردنی ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن هەلی کار چاوەڕوان کرابوو تا نرخی بێکاری هەر ساڵە و ٠.٨ لەسەد دابەزێت.

بەو حاڵەشەوە نرخی بێکاری دانەبەزیوە و تەنیا بەپێی زۆربوونەوەی هێزی کار، نرخی بیکاری لەجێی خۆیدا ڕاوەستاوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نرخی بێکاری لە ساڵی ٩٢دا واتە لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی "حەسەن ڕووحانی"، ١٠.٥ لەسەد بووە کە ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٩٨دا گەیشتووەتە ١٠.٧ لەسەد.

ئەمە نیشان دەدات دەوڵەتی "ڕووحانی" نەتەنیا نەیتوانیوە نرخی بێکاری دابەزێنێت، بەڵکوو ٠.٢ لەسەدیش چووەتە سەرەوە.

مەنگ مانەوەی نرخی بێکاری لە ماوەی ٧ ساڵی بەردەوامدا لە کاتێکدایە کە نرخی هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو و سەرسووڕهێنەر چووەتە سەرەوە و نرخی دراو زیاتر دابەزیوە و ئەم کێشە ئابوورییانە لە پاڵ بێکاریدا زیاتر خەڵکیان خستووەتە تەنگانەوە.