کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی گۆرجستان هاوردەکانی لە ئێران سنووردار دەکات

20:07 - 23 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی گۆرجستان بە دوای ڕێکخستنی گەڵاڵەیەکە کە هاوردەکانی كاڵای ئێرانی بەو وڵاتە سنووردار بکات.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی "ئیرنا"ی سەر بە حکوومەت، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە: "ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانگا و وەرزێڕیی تاران لە نامەیەکدا بە ژوورەکانی هەموو ئێران ڕایانگەیاندووە کە دەوڵەتی گۆرجستان بە دوای ڕێکخستنی گەڵاڵەیەکە کە هاوردەکانی كاڵای ئێرانی بەو وڵاتە سنووردار بکات و خوازیارن کە بەرپرسانی پەیوەندیدار تەواوی هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ تاکوو پێش بە ئەگەری ڕوودانی هەر زیانێک بگرن".

مەبەستی سەرەکی لەم گەڵالەیەی دەوڵەتی گۆرجستان، بەرەنگاری لەگەڵ داپمینگ (بازارشکنی) لە ڕاستای بازرگانیی نێونەتەوەیی بووە.

داپمینگ لە بازرگانیی نێونەتەوەیی، بە مانای فرۆش یان هەناردەکردنی کاڵا بە نرخی کەمتر لە نرخی ڕاستەقینەی یان فرۆشی کاڵا بە نرخی کەمتر لە نرخی نێوخۆی لە وڵاتێکی دیکە دەوترێت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ژووری بازرگانیی تاران لە پەیامێکدا جەختی کردەوە کە ئەم گەڵاڵانە و سنووردارکردنی هەناردەکردنی كاڵای ئێرانی بە وڵاتی گۆرجستان، بەهۆی هەڵکشانی نرخی ئەرز، هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی، لەوانە سیمان، پۆڵا و مێڵگردە.

هەروەها جێگری کاروباری نێونەتەوەیی ژووری ئێران بە ئاماژە بەوەی کە لە نێوان ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی گۆرجستان گرێبەستێک بۆ "بازرگانیی ئازاد" بوونی نییە، هەواڵی دەرکردنی گەڵاڵەکەی پشتڕاست کردەوە.